ڕۆحانی: ترەمپ بۆی نیە هانی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەمان بدات

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەی بێدەنگی شکاند و ڕایگەیاند، پێویستە دەزگا حکومییەکان پانتاییەک بۆ ڕەخنەگرتنی هاووڵاتییەکانی دەستەبەربکات و هاوکات هۆشداری دایە خۆپیشاندەران لە ئەنجامدانی هەر کارێکی توندوتیژی.

ڕۆحانی لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی کە لە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووەوە درێژەیان هەیە وتی “ڕەخنەگرتن شتێکە و توندوتیژی و تێکدانی کەرەستە و دامەزراوەکان شتێکی ترە، پێویستە دەزگاکانی حکومەت پانتاییەک بۆ ڕەخنە و ناڕەزایی مەشروع فەراهەم بکەن”

وتیشی “دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە هاوسۆزی بۆ خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان دەرببڕێت، بە تایبەت کە چەند مانگێک لەمەوبەر نەتەوەی ئێرانی بە تیرۆریست ناوبرد”.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ڕۆحانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە شتێکی دیکە ڕوونبکەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان نەتەوەیەکی ئازادن، بەگوێرەی دەستور گەل ئازادیی تەواوی ڕادەربڕینی خۆی هەیە وەک ڕەخنەگرتن و تەنانەت ناڕەزایەتیش، بەڵام نابێت کەشێکی وا دروستبکرێت کە لایەنگرانی شۆڕش و گەل لە حاڵەتێکی دودڵیدا بن لەسەر ژیان و ئارامییان.

داواشی لە میدیاکانی دەوڵەت کرد ڕاو ڕای جیاواز بگەیەنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ڕاگەیاندن بەرزبووەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ڕۆحانی جەختیکردەوە چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان ئاسان نییە و پێویستی بە کاتە، بۆیە دەبێت حکومەت و گەل هاوکاریی یەکتری بکەن لەو ڕووەوە.

ئەو وتانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ٢٨ی کانوونی یەکەم بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابورییەوە، خۆپیشاندانەکان لە شاری مەشهەدی ئێران دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتەوە دەستیپێکرد و ماوەی ٤ ڕۆژە بەردەوامی هەیە و زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێکیش دروشم دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و سیستمی دەسەڵات بەرزکراوەتەوە

Back to top button