پارتی: هیواخوازین لە 2018 ساڵی قوڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم رۆڵەكانی گەلەكەمان بێت
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە، و رایگهیاندوه.”هیواخوازین لە ساڵی 2018 دا گوزەرانی سەختی رۆڵەكانی گەلەكەمان كۆتایی بێت و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن. كوردستان بكەوێتەوە سەر راستەڕێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئایندەی گەشەوە.”
دەقی پەیامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی، پیرۆزبایی گەرم لە تێكڕای گەلی كوردستان و جیهان دەكەین بەو هیوایەی ساڵی نوێ سەرەتای كۆتایی مەینەتی وهاتنەدی ئاواتەكانی میللەتەکەمان بێت.
بە شێوەیەكی زۆر تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دلێرەكان دەكەین كە لە سەنگەری بەرگری لە شكۆ و سەرفرازی نەتەوەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و دیموكراسیدان.
هیواخوازین لە ساڵی 2018 دا گوزەرانی سەختی رۆڵەكانی گەلەكەمان كۆتایی بێت و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن. كوردستان بكەوێتەوە سەر راستەڕێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئایندەی گەشەوە ..
ئومێدەوارین ساڵی نوێ ساڵی قوڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم رۆڵەكانی گەلەكەمان بێت، ساڵی بوژانەوە و ئومێد و خێر و خۆشی بێت.
لە ساڵی رابردوودا رۆڵەكانی گەلەكەمان لە پرۆسەیەكی دیموكراتییانەی رەوا و ئاشتیخوازانەدا دەنگیان بۆ چارەنوسی خۆیان دا و تەعبیریان لە ئیرادەی خۆیان كرد، بەڵام بەداخەوە كەوتنە بەر سزای بەكۆمەڵ و گەلەكۆمەكێ و ئابڵوقە و شەڕ و لەشكركێشی، دەخوازین ساڵی داهاتوو فشاری ئەو سزا ناڕەوایانە لەسەر گەلەكەمان هەڵگیرێن و مەینەتی و قەیران كۆتاییان بێت و گەلی كوردستان بەو ژیانە بەكەرامەت و ئاسودەیە بگەن كە شایستەیانە.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی سەری ساڵی 2018 لە یەكەیەكەی رۆڵەكانی گەلەكەمان دەكەین و هەر سەركەوتوو بن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
31-12-2017