هێزه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێندرێنه‌وه‌

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی ده‌نێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ورده‌كاری زیاتر ئاشكرا ده‌كات.

(فەریق جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:” بەگوێرەی مادەی 10ی بەشی چوارەمی پڕۆژەیاسا چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم، یەكەكانی ژمێریاریی هێزەكانی 70 و 80 هەڵدەوەشێتەوەو لەیەك یەكەی ژمێریاری رێك دەخرێنەوەو دەگوازرێنەوە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە”.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی:” ئەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە، دوای ئەوەی لەپەرلەمانی كوردستانیش پەسەند دەكرێت و دەبێت بەبڕیار، ناچارین لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە جێبەجێی بكەین”.

هه‌روه‌ها (جه‌بار یاوه‌ر) ئاشكرایكرد، پڕۆژەكە ماوەی سێ مانگی بۆ دانراوە بۆئەوەی جێبەجێبكرێت، هەر خاڵێكی تێدایە پەیوەندیدار بەوەزارەتی پێشمەرگەوە هەمووی جێبەجێ دەكرێت.

سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌، (مەحمود حاجی عومەر ) ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:” ئەو پڕۆژەیەی حكومەت هەنگاونانە بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و زیادكردنی داهات، بەڵام ئەوكاتە دڵخۆشمان دەكات كە بەشێوەیەكی پراكتیكی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان گوتیشی:” پێموایە ئه‌و كاره‌ ئاسان نییە، چونكە لەڕابردوودا ئیرادەیەكی بەهێز نەبووەو ئێستاش لەناچاریدا دەكرێت”.

(مەحمود حاجی عومەر )ده‌شڵێت:” ئەگەر نیەتێكی جدی هەبێت، دەبێت یەكەی 70 و 80ی پێشمەرگە هەڵوەشێتەوەو ئەوەی پێویستی بەخانەنشین هەیە خانەنشین بكرێت، ئەوەشی توانای دەوامكردنی هەیە، لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەوام بكات”.

ئەو پەلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی یەكەی ژمێریاریی هێزەكانی 70 و 80 سەركەوتوو بێت، كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو هێزەش دەكرێت.

Back to top button