پلەی وەزیفی ژمارەیەك موچەخۆر كەمدەكرێتەوە
بەگوێرەی مادەی 12 لە بەشی چوارەمی پڕۆژەیاسای (چاكسازی لەوەزیفەی گشتی، موچەو خانەنشینی) كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوەو بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، خزمەتی نافعلی سەرجەم موچەخۆرانی شارستانی، سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.
(د.عیزەت سابیر) سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: لەم وڵاتەدا دوو جۆر خزمەت هەیە، خزمەتی كەرتی گشتی و تایبەت، لەزۆر شوێنی دونیادا ئەگەر خزمەتی كەرتی تایبەت بكەی، دەتوانیت لەداهاتوودا خانەنشین ببیت، بەمەرجێك بیمەی خانەنشینی بدەیت.
ههروهها سهرۆكی لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری له پهرلهمانی كوردستان گوتیشی: “”لەگەڵ ئەوەدا نین ساڵانی دابڕان بەخزمەتی فیعلی ئەژمار بكرێت، بەڵام كەسێك ساڵی 84 پێشمەرگە بووبێت و دابڕابێت، دوای (40) ساڵ بووبێتە پێشمەرگەو ئەو ماوەیەی هەمووی بۆ ئەژمار بكرێت، لەگەڵ ئەوەدا نین كەسێك لەساڵی 1995 پێشمەرگەی حزبێك بووبێت و سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردبێت و (20) ساڵ لەدەرەوە بووبێت و هەموو ئەو ماوەیەی بەخزمەت بۆ ئەژمار بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین پارێزەرێك مومارەسەی پیشەكەی خۆی دەكات، پاشان لەوەزارەتێك دەبێت بەپارێزەر، دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەو خزمەتانە بدۆزرێتەوە كە پێشتر لەكاتی پارێزەریدا كردوویەتی”.
دكتۆر عیزهت سابیر ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كەسانەی خزمەتی كەرتی تایبەتیان هەیە، حكومەت دەتوانێت رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی خانەنشینی بكات، بۆئەوەی ئەو چەند ساڵەی خزمەتی كردووە لەكەرتی تایبەت خانەنشینی لێببڕێت، ئەگەر سەلماندی كە خانەنشینی لێبڕدراوە، دواتر لەكەرتی گشتی بۆی ئەژمار بكرێت”.
سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی خزمەتی نا فیعلی سەرجەم موچەخۆرانی شارستانی و سەربازی، د.عیزت سابیر راشیگهیاند: “خزمەتی نا فیعلی هەڵدەوەشێتەوەو بەدڵنیاییەوە پلەكەشی گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دادەبەزێت، بەڵام هیچ موچەیەكی لێوەرناگیرێتەوە.