سه‌فین دزه‌یی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هه‌نگاوی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند” پێشوازى له هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى بۆ گفتوگۆ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كات”.
له لێدوانێكی دا سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌ت رایگه‌یاند”ئه‌نجومه‌نى وەزیرانی هه‌رێمى كوردستان له دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆیدا جەختی لەسەر هه‌ڵوێستى خۆى كردووەته‌وه كه ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق له حكوومه‌تى فیدراڵ و ده‌ست به گفتوگۆ بكات و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه ڕێگه بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقدا خۆش بكات”.
سەفین دزەیی ڕاشی گه‌یاند: “هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌و ئاماژه و هه‌نگاوانه ده‌كات كه هه‌فته‌ى ڕابردوو له به‌غداوه ده‌ركه‌وتن و جۆرێك له نیازپاكیمان لێ خوێنده‌وه، وه‌ك سه‌ردانى شاندێكى حكوومه‌تى عێراق بۆ هه‌رێمى كوردستان و داواكردنى پێكهێنانى لێژنه‌ى هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆ لەباره‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان، به‌نداوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و داواكردنى لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵه‌وه به‌مه‌به‌ستى ناردنى مووچه‌كانیان”.
دزه‌یى ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى ده‌روازه سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران، گوتى: “حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌م هه‌نگاوه خۆشحاڵه و به پێزانینه‌وه پێشوازیى لێ ده‌كات، هه‌روه‌ها ئاماده‌یه له‌سه‌ر كێشه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانیش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق گفتوگۆ بكات و به‌پێى ئه‌و میكانیزمانه‌ى ده‌ستوورى عێراق دیاریى كردوون، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكى هاوبه‌ش كه له به‌رژوه‌ندیى هه‌ردوولادا بێت.”