سه‌لیم شوشكه‌یی بە تۆمەتی هاندانی گەنجانی بۆ چوونە نێو داعش سکاڵای لەسەرتۆمارده‌كرێت

دوای دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ژمارەیەک گەنج لە هەولێرەوە چوونە نێو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە بەشێکی بەرچاویان لەو مزگەوتەدا کاتەکانیان بەڕێ کردبوو کە (سەلیم شووشکەیی) پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تێیدا وتارخوێن بووە.

(مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”کەسوکاری ئەو گەنجانەی کە لە مزگەوتەکەی شووشکەییەوە چووبوونە نێو داعش، سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام داواکاری گشتی دەبێت لەو بارەوە ڕوونکردنەوە بدات کە ئەو کەیسە چی لێ بەسەر هاتووە؟”.

لای خۆیشیه‌وه‌ (بەختیار حەیدەر) نەقیبی پارێزەرانی کوردستان گووتی: “ئەگەر داواکاری گشتی سکاڵایەک لەسەر سەلیم شووشکەیی بجووڵێنێت، دواتر سکاڵاکە بچێتە دادگای لێکۆڵینەوە، ئەو کاتە دادگاکە داوا لە پەرلەمان دەکات کە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەکە هەڵبگرێت، تاوەکوو بۆ پەرلەمان بانگهێشت بکرێت“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا دۆسیەی ڕەوانەکردنی ئەو گەنجانەی مزگەوتەکەی سەلیم شووشکەیی بۆ نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش یەکلا نەبووەتەوە و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش بەهۆی پارێزبەندیی یاسایی، نەچووەتە بەردەم دادگا.

 

Back to top button