وه‌زاره‌تی ناوخۆ: تۆماركردنی ئۆتۆمبێل درێژكرایه‌وه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، واده‌ی تۆماركردنی ئۆتۆمبێله‌ تۆمارنه‌كراوه‌كانی هه‌ڵگری تابلۆی بیانی درێژده‌كاته‌وه‌و ڕێنمایی پێویستیش بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، كه‌ به‌ واژۆی كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ له‌ 28ی كانونی یه‌كه‌می 2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و وێنیه‌كی ده‌ست خواكوڕك كه‌وتووه‌، به‌یاننامه‌ی ژماره‌ 1 ی ساڵی 2017ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، تایبه‌ته‌ به‌تۆماركردنی ئوتومبێله‌ ئه‌وروپییه‌كان و بێ بنه‌ماكان، هه‌موار كرایه‌وه‌.
به‌گوێره‌ی هه‌مواری به‌یانه‌كه‌، ماوه‌ی تۆماركردنی ئوتومبێلی ئه‌وروپی بۆ مانگێكی تر دریژكرایه‌وه‌، كه‌ ماوه‌كه‌ له‌رۆژی 1ی كانونی دووه‌می 2018 تاكو ڕۆژی 31ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ر به‌پێی نوسراوه‌كه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئۆتۆمبیلێك تاكو ڕۆژی 1-6-2017 به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ داخڵ بوبێت و مۆدیلی له‌ 2000 به‌سه‌روه‌ بێت، تۆمارده‌كرێت, ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ده‌گرته‌وه‌ كه‌ تا 1-5-2017 هاورده‌كراون.
له‌به‌شێكی تری نوسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ ته‌نها ئۆتۆمبێله‌ ئه‌وروپیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ه‌و جگه‌ له‌وانه‌ هه‌ر ئوتومبێلێكی تر تۆمار نه‌كرابێت ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاوه‌ ئه‌ژمارده‌كرێت و ده‌ستی به‌سه‌ر داده‌گیریت.
له‌وباره‌یه‌وه‌ (فازڵ حاجی) وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر، له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌، تۆماركردنی ئۆتۆمبیلی بیانی له‌هاتووچۆی هه‌ولێر 10 رۆژ زیاتر له‌شاره‌كانی تر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌هۆی گواستنه‌وه‌ بۆ باڵه‌خانه‌ی تازه‌، راییكردنی مامه‌ڵه‌كانی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕاگرتووه‌و له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتودا ده‌ستبه‌كارده‌بنه‌وه‌.

Back to top button