بارزانی :دوا رۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەکەمانە

خواکوڕک

بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی
جەژنی قوربان بڵاوكردەوە و رایگەیاند “دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمان.

رۆژی یەكشەممە 11-9-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكەی بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەم و هیوای چاكبوونەوە و ئارامیان بۆ دەخوازم.

هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم بۆنە پیرۆزە لە حاجیانی كوردستان و ڕێبوارانی ماڵی خودا پیرۆز بكەم و لە خودای مەزن داواكارم حەج و عیبادەتیان قەبوول بكات. هیوادارم جەژنی پیرۆزی قوربان ببێتە مایە نەمانی یەكجارەكی تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی و هەموو ئاوارەكان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان و ناوچەكە قووڵ ببێتەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و كێشەكان بێت.

سوپاسی خۆڕاگری و تەحەمولی هاووڵاتیان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم و لەوە دڵنیام خۆڕاگری و بەرخودانیان لەبەرانبەر گرفت و كێشەكان ئەنجامی دەبێت و دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمانە.

جەژنتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی

Back to top button