بازرگانی له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، دوو كورسی بۆ فرۆشتن هه‌یه‌ كێ مشته‌ریه‌

به‌گوێره‌ی لێدوانی چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی، ئێستا هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفره‌وان له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌، كه‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ستیان كردووه‌ به‌، فرۆشتنی كورسیه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌ نیو ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ش نوێترین جۆری بازرگانییه‌ له‌ عێراقدا”.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم سمێدعی سیاسه‌ته‌مه‌داری عێراقی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فیسبووك، پۆستێكی كردووه‌ ده‌نووسێـ  “به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران كه‌ به‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ كۆتایی هاتنی خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان خانه‌نشین ده‌بن، به‌نیازن كورسییه‌كانیان به‌ كه‌سانی دیكه‌ بفرۆشن” گوتوویه‌تی “ئه‌مه‌ش واتای وایه‌ كڕیاری كورسیه‌كان ئمتیازی خانه‌نشینی و په‌رله‌مانتاریش وه‌رده‌گرێت، هه‌وره‌ها فرۆشیاریش هه‌مان ئیمتیازاتی پێ ده‌درێت”، له‌مباره‌شه‌وه‌ سمێدعی ده‌ڵێت “له‌مه‌ زیاتر چی باسی گه‌نده‌ڵی بكرێت!.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مرۆ 3ی 1ی 2018 ریاز ساعدی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نیشتمانی هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت”به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێك بڕیاره‌ موته‌شه‌ر سامه‌ڕائی په‌رله‌مانتاری عێراقی به‌پاساوی نه‌خۆشی ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ و كورسیه‌كه‌ی راده‌ستی موسه‌ننا سامه‌ڕائی بكات، كه‌ له‌ چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گلاوه‌، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ش، هه‌ردوو سامه‌ڕائییه‌كان ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتاری وه‌رده‌گرن و به‌ موچه‌ی په‌رله‌مانتاریش خانه‌نشین ده‌بن، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”موسه‌ننا سامه‌ڕائی بۆئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی به‌ده‌ست بهێنێت و دادگا نه‌توانێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی گه‌نده‌لی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌و كورسیه‌ی به‌و پاره‌ خه‌یاڵییه‌ له‌ موته‌شه‌ر كڕیوه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆتاییش دا ئیبراهیم  سمێدعی ده‌ڵێت، گرێبه‌سته‌كه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵگری ناسناوی سامه‌ڕائیدا ئیمزا كراوه‌، ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌كه‌ و وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ به‌ چاودێری سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

شایانی باسه‌” به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، یه‌كه‌م بڕگه‌ی دانیشتنی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ تایبه‌ته‌ به‌ راگه‌یاندنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك و دیاریكردنی كه‌سێكی دیكه‌ له‌شوێنی ئه‌و.

 

Back to top button