ئاڵا تالەبانی: لە بودجەی 2018 تەنها غەدر لە پارێزگای بەسرا دەكرێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕیار بوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 بكرێت, بەهۆی بایكۆتی فراكسیۆنە كوردستانیەكان و فراكسیۆنەكانی سوونە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا, پەرلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێت:” لە بودجەی 2018 غەدر لە پارێزگای بەسرا دەكرێت”.
ئاڵا تالەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی گرووپی خیانەتكاری یەكێتی بە رۆژنامەی (اقتصاد)ی ئەلیكترۆنی راگەیاندووە, راستە لە بودجەی ساڵی 2018 كورتهێنان روودەدات, بەڵام پێویستە پەلە لە پەسندكردنی بودجە بكرێت, وە هەموو پەرلەمانتارەكان دوای خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە مافی قسەكردنی هەیە, بۆیە پێویست نەبوو ئەمڕۆ بایكۆتی دانیشتنەكان بكرێت, تا خوێندنەوەی یەكەم دەكرێت, چونكە بە بایكۆتكردن پەسند كردنی پڕۆژەكە دوا دەكەوێت ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراق نیە.
لە بارەی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەڵێت:” بەهۆی خراپی باری تەندروستیمەوە بووە نەم توانی ئامادەی دانیشتنەكان بم مۆلەتم هەبووە, ئەگینا بە دڵنیاوە ئامادەی دانیشتنەكان دەبووم”.
هەروەها ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە بارەی سەرنجەكان لەسەر بودجە دەڵێت:” لە كۆی سەرنجەكان ئەوەی تا ئێستا هەیە, فراكسیۆنە كوردستانیەكان و فراكسیۆنە سونیەكان تێبینیان هەیە, ئەگەر چی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە شعیەكانیش لە بارەی پیترۆ دۆلارو بودجەی پارێزگای بەسرا تێبینیان هەیە, بە دڵنیایەوە ئەوەی منیش تێبینیم كردووە لە بودجەی 2018 غەدر لە پارێزگای بەسرادەكرێت و ئەگەر بەراورد بكەین بە پارێزگاكانی دیكەی وەك هەولێرو بابل, هیچ حسابێك بۆ بابەتی پەتڕۆ دۆلاری ئەو شارەو زەرووریەتی خزمەتگوزاریەكانی شارەكە نەكراوە.
شایەنی باسە, پیشوتر ئاڵا تالەبانی وێڕای هاودەنگی لەگەڵ گرووپی خیانەتكاری 16ـی ئۆكتۆبەر لە دیدارێكی تەلەفزیۆنی رایگەیاندبوو كە ئەو لە بنەچەدا سەر بە بنەمالەی ئەسەدیە كە یەكێكە لە بنەماڵە گەورەكانی شیعە لە بەسراو چەند ناوچەیەكی دیكەی شیعە بڵاو بوونەتەوە.