عەبادی لەسەر پرسی بودجە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

دوای ئەوەی كورد و سونە لە پەرلەمانی عێراق بایكۆتی دانیشتنی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عرێراق كرد, بە مەبەستی گەیاندنی تێبینیەكان, بڕیارە بانگهێشتی حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت بۆ پەرلەمان.

رۆژنامەی غەد لە سەرچاوەیەكی پەرلەمانی عێراقی بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی وەڵامی حكومەت بۆ تێبینییەكانی پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە جێگای رەزامەندی فراكسیۆنەكان نەبوو، بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرۆژە یاسایەكە، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێشنیازی بانگهێشتكردنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە.

سەرچاوەكە بە غەدی راگەیاندووە: “جبووری لەكاتی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان و لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشنیازی بانگهێشتكردنی عەبادی كردووە”.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە كە ئاماژە بەناوی نەكراوە گوتوویەتی:‌ “ئەو پێشنیازەی سەلیم جبووری بۆئەوەیە كە لەگەڵ عەبادی لەناو پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بكەن”.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی تێبینیەكانی پەررلەمانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق دایەوە، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان و لێژنەی دارایی كۆبووەوە.

Back to top button