پەرلەمانتارێك: هەڵوێستی عەبادی بەرانبەر بە هەرێم بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی ناو شیعەكانە

 

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد دەڵێت ئەو هەڵوێست و رێوشوێنەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرانبەر هەرێمی كوردستان وەری گرتوون، تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی ناو ماڵی شیعەیە، دووپاتی دەكاتەوە، كە باشترین هەلە بۆ كورد سوود لە ململانێی نێوان عەبادی و مالیكی وەربگرێت.

ئەشواق جاف، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم بە “وشە”ی راگەیاند، ئەوەی لە عەبادی بینرا، كە سەرەتا تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە پێشوازی لەو داوكارییانەی هەرێم دەكرد و هیچ داواكارییەكی جێبەجێ نەكردووە، بۆیە تا كاتی گفتوگۆ دیاری نەكات لەگەڵ هەرێم، ناتوانین بڵێین هەنگاوی رژدی ناوە.

زیاتر گوتی، كورد ناتوانێت سوود لە ململانێی نێوان حەیدەر عەبادی و نووری مالیكی وەربگرێت تەنیا لەو كاتەدا نەبێت، كە كورد یەكگرتوو و یەك دەنگ بێت، ئەوكات دەتوانین مافی خۆمان بەدەست بێنین.

جاف ئاماژەی كرد، ئێستە ململانێیەكی قوڕس لە نێوان عەبادی و مالیكیدا هەیە و دەبێت كورد هەوڵ بدات سوود لەو ململانێیە وەربگرێت، عەبادی پیش چەند رۆژێك لە كاتی وتارەكانیدا كەوتە لووتكەی ئینكاری بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە وتاری راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا، تەنانەت ناوی پێشمەرگەی نەهێنا، بەڵام كە بینی مالیكی ناوی پێشمەرگەی هێنا ئەوكات ئەویش ناوی هێنا.

ئاماژەی كرد، داوامان كردووە، كە دەبێت بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام عەبادی ئەو بڕگانەی پێوەندن بە كوردەوە، جێبەجێیان ناكات و ئەوانەی پێویست نین بە كورد جێبەجێیان دەكات، واتە جیاوازی دەكات.

بەپێی چاودێران تەنگژەی نێوان هەرێمی كوردستان هیی ئەمڕۆ نییە و لە ریفراندۆمیش زۆر كۆنترە و بۆ ساڵانی دوای 2003 دەگەڕێتەوە، كاتێك هەرێمی كوردستان توانی بوژانەوەیەكی بەرچاو لە كەرتەكانی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە دروست بكات، لەو كاتەی بەغدا بەهۆی بوونی ململانێی تایفی و زۆری پارتەكانەوە نەیتوانی سوود لەو داهاتە زۆرەی نەوت وەربگرێت و بوژانەوە دروست بكات.

بەدەر لەوەیش عەقلیەتی بەغدا، كە زیاتر لە مەركەزیەت لە بڕیاردانەوە نزیكە، قبووڵی بوونی دەسەڵاتێكی فرەوانی بۆ هەرێم نەكرد، ئەگەرچی لە دەستووری عێراق سەرچاوەی گرتووە، ئەوانەیش وایان كرد، كە بەغدا لە سایەی بێدەنگی ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵادەستیی شیعە بەسەر دادگای فیدراڵ، دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بشكێننەوە

Back to top button