ڤیدیۆ: نەجمەدین كەریم وەڵامی هێرۆخان دەداتەوە لەسەر نەوتی كەركووك
خواكوڕك
نەجمەدین كەریم وەڵامی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە دەلێت هەرێمی كوردستان بڕە پارەی زۆری بۆ مووچەی چەند توێژێكی كەركووكی دەنێرت و دەشلێت ئەوانەی دەلێت هەرێمی كوردستان نەوتی كەركووك دەدزێت، راست نیە.
لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، سەبارەت بەو پارەیەی مانگانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرکووک دەنێردرێت، گوتوویەتی: ”پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووک، لەگەڵ زیاتر لە 8 هەزار مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک و پێشمەرگە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان، هەموویان مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستان وەرەگرن کە قورساییەکی زۆرە لە ڕووی ئابوورییەوە لەسەر هەرێمی کوردستان“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”ئەگەر یەکێک بڵێت هەرێمی کوردستان هیچ بۆ کەرکووک ناکات، ئەوە غەدرە و ناهەقییە“.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: ”ئەو ماوەیەی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووکی دەرهێناوە لە کێڵگەکانی (بای حەسەن و ئاڤانا)، ڕێککەوتووین کە مانگانە مافە داراییەکانی کەرکووک (پەترۆ دۆلار) بە کەرکووک بدرێت و تائێستا بەڵێنەکەیان بەجێ گەیاندووە“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”هەموو خەڵکی کوردستان دەبێت ئەوە بزانن، ئەم هەموو ساڵانەی عێراق نەوتی دەرهێناوە تا هاتنی داعش، کەرکووک هیچ بڕیارێکی نەبووە، حکوومەتی عێراق بە پێچەوانەی دەستوور، بەهیچ شێوەیەک ڕاوێژی بە کەرکووک نەکردووە کە چی بکرێت، تائێستاش بە دەیەها و سەدەها کەس لە بەغداوە بۆ کۆمپانیای نەوتیی باکوور دادەمەزرێت، بەڵام نەتەوەی کوردی زۆر کەم تێدایە و ٧٪ کەمترە“.
پارێزگاری کەرکووک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە: ”ئەگەر خەڵک وا دەزانن کە هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک دەردەهێنێتە دەرەوە و دەیفرۆشێت و ئەمە هەرێم دزی لە کەرکووک دەکات، ئەمە ڕاست نییە، بەڵکو لەوەتەی بەغدا هەیە و نەوتی کەرکووک دەردەهێنێت، بردویەتی و بۆ مەبەستی خۆی و کوشتنی خەڵکی کەرکووک و کوردستان بەکاری هێناوە“.
بە گوتەی نەجمەدین کەرم، ئێستا 40٪ی نەوتی کەرکووک لەژێر دەستی کۆمپانیای نەوتی باکوورە، 60٪ی نەوتەکەش هەرێمی کوردستان لە ڕێی کۆمپانیای کار بەڕێوەی دەبات. گوتیشی: ”هەولێر و بەغدا ڕێککەوتبوون کە نەوتی کەرکووک لە بۆڕیی کوردستانەوە بۆ تورکیا بگوازرێتەوە و لە بازاڕەکان بفرۆشرێت، هەرێمی کوردستان فرۆشتی، بەڵام بەغدا پشکی 17٪ی هەرێمی کوردستانی نەنارد، ئیتر بەغدا لە مانگی 7\2015 نەوتەکەی ڕاستەوخۆ فرۆشت و پرسی بە بەغدا نەکرد، بەڵام نەوتی کەرکووکی هەر دەنارد و لەگەڵ ئێمە ڕێککەوتن کە پارەی پترۆ دۆلارمان پێ بدەن. دواتر بەغدا بڕیاریدا بۆ فشار، نەوتەکە هەناردە نەکرێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مانگی 19\8\2016، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ناوەندی بڕیاری یەکێتی بە ”باڵی سەرقاڵ بە ڕێککەوتنی ژێر بە ژێری نەوت“ وەسفیان کردووە، نامەیەکی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان مافی خەڵکی کەرکووک لە نەوتی شارەکە نادات، بۆیە داوای ڕاگرتنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هەولێر و بەغدای کردووە.
پێشتر خواكوڕك بە بەڵگەوە ئاشكرای كردبوو كە هێرۆخان لەرێگای تانكەرەوە، نەوتی كەركووكی بۆ ئێران دەگواستەوە و رێژەی هەناردە كردنی نەوتی كەركووك لە ماوەی ئەو پێنج مانگەی كە بە تانكەر دەینارد، ملیارێك و سەد هەزار ملیۆن دۆلار چۆتە خەزێنەی حیسابی شەخسی هێرۆخانی هاوسەری تاڵەبانی و یەك دینار بۆ كەركووكیەكان سەرف نەكراوە.
س: باس