لەتیف نێروەیی: فۆڕمی بەڕێوبردنی یەكێتی دەگۆڕدرێت و سیستمی نیمچە هاوسەرۆكی پەیڕەو دەکرێت
وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێت: ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیمان تەواو كردووە، بەپێی ئەو ڕەشنووسەش فۆڕمی بەڕێوبردنی یەكێتی دەگۆڕدرێت و سیستمی نیمچە هاوسەرۆكی پەیڕەو دەكەین، دەشڵێت، كۆدەنگی هەیە پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستین.
بڕیار وایە لەئەمساڵدا یەكێتی نیشتیمانی کوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، ئەم كۆنگرەیە لەلایەن یەكێتیەكانەوە وەك تاكە ئومێدی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی سەیر دەكرێت.
لە بارەی دوا ئامادەكارییەكان بۆ یەستنی كۆنگرەی یەكێتی نیشیمانی كوردستان (لەتیف نێروەیی) وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕایگەیاند:”ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییەوە تەواو بووە، بەپێی ئەو ڕەشنووسە یەكێتی سكرتێری گشتی نامێنێت، كۆمیتەیەك دەبێت بۆ ڕێبەرایەتی یەكێتی، هەروەها ئەنجومەنێكی گشتی دەبێت، واتا فۆڕمی یەكێتی دەگۆڕدرێت، ئەوەی پێی دەڵێن مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و دەستەی كارگێڕی نامێنێت، ناوی دیكە دادەندرێت”.
ههروهها (لهتیف نێروهیی ) ڕاشیگهیاند : “ئەنجومەنی گشتی بە ڕەچاوكردنی پشكی ناوچەكانە، هەموو ناوچەیەك پشكی خۆی دەبێت لەناو ئەنجومەنی گشتیدا، سكرتارییەتێك هەڵدەبژێرین كە سێ كەس دەبن، یەكێكیان ژن دەبێت، وەك نیمچە هاوسەرۆكییەك، هەروەها دەبێت ڕێژەی ژن لە هەموو ئۆگانەكانی یەكێتی ٢٥% كەمتر نەبێت”.
لەبارەی كاتی بەستنی كۆنگرەوە ناوبراو دهلێت: “كاتی بەستنی كۆنگرە دیاری نەكراوە، بەڵام كۆدەنگییەك هەیە لەناو یەكێتی-دا كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن كۆنگرە ببەسترێت، ئەوە ئەركی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی-ە كە ڕۆژی كۆنگرە دیاری بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڤاڵ كۆسرەت ڕەسوڵ باری تەندروستی تێك چووە نەیانتوانیوە كۆببنەوە”.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەری ئەوە نییە كە ناكۆكی باڵەكانی ناو یەكێتی لە كۆنگرەدا بتەقێتەوە، لەتیف نێروەیی دهشڵێت :”هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كە كۆدەنگی لەسەر كۆنگرە هەبێت، پشكی ناوچەكان دیاری كراوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەكەتول و دژبەری بگیرێت، ئێمە ئومێدمان بەوە هەیە كە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو دەبەستین، پێویستە هەڤاڵانیش بە گیانێكی هەڤاڵێتییەوە بەشداربن”.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئێستا یەكێكە لە پارتە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، لەساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە، هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری گشتی بووە، چەندین كۆنفرانسی لە شاخ ئەنجامداوە، لەدوای ڕاپەڕینی باشووری كوردستان-ەوە سێ كۆنگرەی بەستووە، لە ساڵەكانی ١٩٩٢-٢٠٠١، ٢٠١٠، بڕیار وابوو لەساڵی ٢٠١٣دا كۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە نەیانتوانی كۆنگرە ببەستن.