‌په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هاتنی وه‌فدی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی بۆ به‌غدا ده‌رئه‌نجامی نابێت

په‌رله‌مانتارێكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ بۆ به‌غدا به‌ كارێكی‌ “خراپ” ده‌زانێت.
(ئیسلام حسێن) په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایگه‌یاند:”هاتنی‌ شاندی گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ به‌غدا به‌بێ كۆده‌نگی‌ كوردی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێم كارێكی‌ خراپه. چونكه‌ هه‌ر وه‌فدێكی‌ كوردی‌ بێنه‌ به‌غدا بێ كۆده‌نگی‌ كوردی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خراپه‌ و عه‌بادیش زۆر ئیش له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازی‌ بۆچوونه‌ی‌ ناو هه‌رێم ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناته‌بایی‌ زیاتر په‌یدا ببێت و به‌غدا وه‌ك به‌دیل بۆ حكومه‌تی‌ هه‌ریمی‌ كوردستان ده‌یبینن”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ هاتنی‌ ئه‌و وه‌فده‌ بۆ به‌غدا ئه‌نجامی‌ ده‌بێت، (ئیسلام حسێن ) ڕاشیگه‌یاند “باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌نجامی‌ هه‌بێت، چونكه‌ له‌م دواییانه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بانگهێشتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت پشتگیری‌ بكه‌ن له‌ عیراقێكی‌ یه‌كگرتووتدا، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ن، بۆیه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و وه‌فده‌ موزایه‌ده‌یه‌”.

Back to top button