داعشێكی تر
زكری موسا
گەرمەی شەڕی دووەمی جیهانی بوو، دوورگەی بریتانیا لە لایەن كەشتییە ژێرئاوییەكانی ئەڵمانیا دۆرپێچكرابوو. بۆردومانی فڕۆكەكان و مووشەكە ((v2ـیەكانی ئەڵمانیا تەنگیان بە ژیانی بریتانیا هەڵچنیبوو، وا بەردەوام با بریتانیا لەلایەن نازییەكانەوە داگیر دەكرا. لەم بارودۆخە قورسەدا كە هەموو كەرتەكانی ژیانی گشتی لەكار كەوتبوون، ڤینستۆن چەرچڵ سەرۆكوەزیرانی بریتانیا لە كۆبوونەوەی وەزیرەكانیدا پرسیاری كرد، “ئایا قوتابخانە و دادگەكان لەكارەكان بەردەوامن؟” وەڵام “بەڵێ” بوو. ئەو گوتی: ” مادام قوتابخانە و دادگە بەردەوامن بریتانیا ناڕووخێت”.
ئەگەرچی بارودۆخی ئێستای كوردستان و بریتانیای ئەو كات بەراورد ناكرێ و ژیانی كوردستان ئاساییترە، ئەگەرچی لەگەڵ قەیرانی مووچەدا دەستەویەخەین، بەڵام هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن و ڕاگرتنی قوتابخانەكان جێگەی پرسیاری گەورەیە. ئایا حزبەكان بەنیازن ئەو وڵاتە بڕووخێنن؟ ئەوە لە حاڵێكدایە هۆكاری قەیرانی دارایی ڕوون و ئاشكران و خودی حزبەكانیش دەستیان هەبووە لە خوڵقاندنی.
حزبەكان دەستیان بردووەتە نێو پڕۆسەی خوێندن و پیرۆزییان لە مامۆستا و قوتابی و خوێندن سەندووەتەوە. دەیانەوێ ئەم پڕۆسە گرنگە پەلكێشی فەشەل و عەبەسیەتی خۆیان بكەن. بۆ ختۆكەدان و ڕووخاندنی قوتابخانەكان، ئیسلامی سیاسی دەستێكی باڵا و بەرچاوی هەیە. دیوەكەی تری ئیسلامی سیاسی كە داعشە لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكا، ئەوەتا ئێستا ئیسلامی سیاسی بە هاوڕێیی حزبە بەناوعەلمانییەكانی تر لەبەرەیەكی دیكە خەریكی ڕووخاندنی كۆمەڵگەن… لەڕێگەی قوتابخانە و وەستاندنی خوێندن.