بارزانی و سەربەخۆیی و خیانەت

 #ئه‌رده‌ڵان هه‌ڵه‌بجه‌یی
وێڕای هەڕەشەکانی تورکیا،ئێران و عێراق و ئاگاداریەکانی ئەمریکاو هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی،مەسعود بارزانی بەوپەڕی بڕواوە ڕابەرایەتی کوردستانیانی کرد و لە ڕۆژی ۲٥ی نۆی ساڵی ڕابردوو پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدراو ڕێژەی زیاتر لە نەوەدی هاونیشتمانیان بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی کرد.
 
بارزانی کە لە شازدە ساڵیەوە بۆ سەربەخۆیی بویە پێشمەرگە و دوای تێپەڕبونی ۷۱ ساڵ لە تەمەنی دەرکی دەکرد کە پرسێکی وەها بێ مەترسی نابێت،بەڵام لێی ڕوون بوو گەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرێت نیەتی بەغداد و میلیشیاکان بریتیە لە پەلاماردانی کوردستان،ئاماژەو لێدوانی دوژمنکارانەی بەغدادیش پێش ڕیفراندۆمەکەی هەرێم دروستی بۆچونەکەی بارزانیان سەلماند.
 
ڕوونە لەهەر تاکێکی کورد بپرسیت تۆ عێراقیت؟ڕاستەوخۆ دەڵێت من کوردستانیم،ئەوەش ئاماژەی ئەوەیە کە بارزانی بێ هۆ ئەو هەنگاوەی نەناوەو گوزارشتی کردووە لە ڕۆحیەتی تاکی کورد کە تینوی سەربەخۆیین.
 
تورکیا کە هاوپەیمانێکی دیاری بارزانی بوو،بە زمانی تٱدیب لەگەڵ بارزانی دەدواو پێی وا بوو پرسی ڕیفراندۆمیش هاوشێوەی داخستنی قوتابخانەکانی فەتۆیە لە کوردستان،بۆیە نەخێری بارزانی تورکیای توشی هستریاو هەڵچون کردو کەوتەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران،سەیر لەوەدا بوو چاودێران و ڕۆژنامەنوسە ناوخۆییەکان پێشتر پرسی ڕیفراندۆمیان بە تاکتیکی تورکیاو بارزانی دەزانی و لەو ڕوەشەوە بێ ویژدانانە ڕەخنەیان لە بارزانی دەگرت و پێیان وابو دەیەوێت کوردستانی باشور ڕادەستی تورکیا بکات،بەڵام دوای نەخێرەکەی بارزانی بۆ ئاردۆگان هەمان ڕەخنەگرەکانی دوێنێ لە بری بێدەنگی دیسانەوە پێچەوانەی ڕەخنەکانی پێشتری خۆیان بەردەوام بون لە ڕەخنەگرتن لە بارزانی و ئەمجار تاوانباریان دەکرد بەوەی نێوان هەریم و تورکیای تێک داوە!
 
گەرچی بارزانی ئێستاشی لەگەڵ بێت شانازی بە ڕیفراندۆمەوە دەکات بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو سیاسی و هێزە کوردیانە تا ڕۆژی ۲٥ی نۆ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەوان خاوەنی دروشم و پرسی سەربەخۆیین،لەدوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر وەک ئەوەی توشی لەبیرچونەوە بوبین خۆیان لە ڕیفراندۆم بێبەری کردو پێچەوانەی دیمانەو وتارو بەیاننامە حیزبیەکانی پێشویان بێبەری کرد،لەو ساتەشدا بارزانی جارێکی تر شانازی خۆی نەشاردەوەو ڕیفراندۆمی بە دەستکەوتێکی مەزن ناوبرد کەلەڕاستیشدا هەروابوو چونکە زیاتر لە نەوەدی هاونیشتمانییانی کوردستان بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی کرد،ئەو هێزانە هێند کورت بین بوون بۆ ڕاکردن له دەرئەنجامەکانی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر خۆیان لە شانازی ڕیفراندۆم و بەڵێی زیاتر لە نەوەد لە سەدی کوردستانیان بێبەری کرد،چونکە بە ڕوانین لە کۆماری کوردستان بەڕابەرایەتی قازی محمد وێڕای تەمەنی یازدە مانگەی کۆمارەکە ئەوکات هەندێک تیری ڕقیان ئاڕاستەی قازی کرد بەڵام دواتر هەموو تاکێکی کورد شانازی بەو کۆمارەوە کرد،پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش گەرچی لە ئێستادا زۆڕ لایەن و کەسایەتی خۆیانی لێ بێبەری دەکەن بەڵام گومان نیە لەوەی لە داهاتویەکی نزیک یان دوور هاوشێوەی کۆمار دەبێتە مێژویەکی پڕ لە شانازی.
 
گەر بە چاوی کراوەو بیری نەتەوەییانە لە ڕۆژی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر بڕوانین و نوسین و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیە عەرەبی و بیانیە سەربەخۆکان چاوپێدا بخشێنین دەرک دەکەین ئەو ڕۆژە دەستی ناوخۆیی کوردو هەرێمی هۆکاری کەوتنی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بوون،ئەو خیانەتە کە پێشتریش ڕەگی مێژوویی هەیە دەرئەنجامەکانی پێچەوانە کردەوەو پرسی سەربەخۆیی کوردستانی دواخست،گەر ئەو خیانەتە ڕووی نەدابا بێگومان ئەمریکا نەدەچوە سەنگەری ئێران لەو پرسەدا هەروەک هەردوو ڕۆژنامەنوسی ناوداری ئەمریکی دایڤد زوچینۆ و ئێریک شمیت لە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز ئاماژەیان پێکردوە،دواجار ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو گروپەی شانزەی ئۆکتۆبەریان خولقاند ئێستا دەرک دەکەن چی هەڵەکیان کردووە بەڵام لە بری دان نان بەو هەڵە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدەن و دەیانەوێت وامان تێ بگەیەنن ڕیفراندۆم هۆکاری ڕووداوەکانی ئەم دواییە بوون نەک خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر.
Back to top button