سرووە عەبدولواحید: حەشدی شەعبی ئەركی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێكرد ئێستا كاتیەتی پاداشتبكرێن
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بەشێكی زۆری خاكی كوردستانیان داگیركرد, ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی سەدان هەزار كورد ئاوارە بوون و شار بەدەر كراون, جگە لەوەی پڕۆسەی تەعریبكردن دەستی پێكردۆتەوە بە ماڵ و خانووی هاوڵاتیان دەتەقێندرێتەوەو دەسوتێنرێت, سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت:” حەشدی شەعبی ئەركی ئەخلاقی خۆی جێبەجێكردووە ئێستا كاتیەتی پاداشتبكرێن”.
سرووە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (مەیادین)ی نزیك لە حزبوڵای لوبنانی، وێڕای ئەوەی ئاشكرای دەكات كە ئەو هێزانەی سەرقاڵی تەعریبكردنەوەی كوردستانن، نزیكن لە هادی عامری، فەرماندەی گشتیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی, پێویستە پاداشت بكرێن.
لە بارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: ”بە دڵنیاییەوە ڕێككەوتن هەبوو لە نێوان یەكێتی و حكوومەتی عێراق، سەركردەكانی یەكێتی باس لەوە دەكەن كە لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی و لایەنی ئێرانیش ڕێككەوتن كراوە. كەسە دیارەكانی نێو یەكێتی باس لەوە دەكەن كە ڕێككەوتنێك هەبووە، بەوە وەسفی دەكەن كە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی كەركووكە. پێویستە یەكێتی وەڵام بداتەوە كە لە بەرامبەر چی ڕێككەوتنیان كردووە“.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا سرووە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتییە سڤیلەی كوردستان كە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە شەهید كراون، ئاماژەی بەوە داوە: ”حەشدی شەعبی ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقی و ئایینیی خۆی بەجێ هێناوە، دەبێ پاداشت بكرێن“.