حاجی كاروان: لە كەركووك پرۆسەی بەشیعەكردن بە چڕی بەڕێوە دەچێت
دوای 16ی ئۆكتۆبەری2017، پرۆسەی تەعریب لە كەركووك دەستیپێكردووە، هەڕەشە لە كوردانی سنووری كەركووك دەكرێت بۆ چۆڵكردنی گوندەكانیان و بەوەندەش نەوەستاون بەڵكو ئێستا دەست بە پرۆسەی بەشیعەكردن كراوە.
حاجی كاروان، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەڵێ “لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە ئەمرێكی واقیع دروستبووە، دەتوانی بڵێی واقیعێكی سەربازیی خۆسەپێنەرە، بە خوێندنەوەی هەموو ئەو كەسانەی ئەو واقیعەیان بینیوە ئێستا ئەو ئۆپەراسیۆنە راگواستن و بەعەرەبكردن و بەشیعەكردنە لەسەرەتای دروستبوونییەتی”.
لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەوڵی سڕینەوەی هێما كوردستانییەكان دەدرێت، بەرپرسە حكومییە كوردەكان دەردەكرێن و پرۆسەكە زیاتر مەزهەبییە نەك نەتەوەیی، كورد لەگەڵ توركمان و عەرەبی سوننە وەكو یەكدی سەیردەكرێن.
بەگوتەی حاجی كاروان پێش 16ی ئۆكتۆبەر، تەنیا 10%ـی سنووری ماددەی 140 لەدەست كورد نەبوو، بەڵام ئێستا تەنها 10%ـی لەدەستی كورددا ماوە.
لەبەشێكی دیكەی گوتەكانیدا حاجی كاروان دەڵێ “ئێستا عەرەبە شیعەكان بە فەتوای هەندێك لە مەرجەعەكان دەچن بۆ كەركووك دەیانەوێ تەشەیوع بڵاوبكەنەوە و، ئەوەی كە دێت بە ئیمتیازاتەوە دێتە كەركووك”.