نێچیرڤان بارزانی: تۆمەتباركردنی هەولێر بە دەست هەبوون لە خۆپیشاندانەكانی ئێران زۆر كۆمیدیە
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بە دەست هەبوونی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران، زۆرتر ”بە كۆمیدی“ دەچێت و ئەوەشی ئاشكرا كرد كە دەبێ گۆڕان و كۆمەڵ وەڵامی ئەوە بدەنەوە، بۆچی دوای چوار ساڵ، تازە وەزیرەكانیان دەكێشنەوە.
لە میانی پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی كە هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، ئاماژەی بەوە كرد: ”خۆشحاڵین لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و ئامادەبوونی بەشێكی زۆری سەركردایەتیی یەكێتی پێشوازی كراین. كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەپێی ئەو قۆناغەی ئێستا لە كوردستان هەیە، كۆبوونەوەیەكی گرنگ بوو، گەیشتینە ئەو ڕێككەوتنەی كە كۆبوونەوەكەمان لە ئایندەش بەردەوام دەبێت. كۆكین لەسەر ئەوەی كە ئەوەی بەرەو سەركەوتنمان دەبات، ئەوەیە كە لە ناوخۆمان یەكگرتوو بین“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”بابەتی گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، من لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پێشتریش گوتوومە كە ئەوەندەی گوتوومانە ئامادەین، خەڵكیشم بێزار كردووە. لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، ئامادەین كێشەكانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین. ئێمە هیوادارین بەغداش ئەو رەغبەتەی هەبێ، هەركاتێ ئامادە بن، ئێمەش ئامادەین“.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتیش گوتی: ”پەیوەندیی یەكێتی و پارتی مێژووییە، ئەو دوو لایەنە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ ئەم دۆخە هاتوون تا گەیشتووتە ئەم لێكتێگەیشتنە هاوبەشەی هەیە. هەرچی لە كوردستان دەكرێ، مەرجی یەكەمی ئەوەیە كە نێوان یەكێتی و پارتی هەروەها یەكێتی و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی دیكە باش بێت. پێمانوایە دەبێ ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بێت و لەگەڵ هەموو لایەنەكان پێكەوە بین و مەرجی سەركەوتنمان ئەوەیە ئەم قۆناغە بە یەكگرتوویی تێپەڕێنین“.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە سەردانەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ بەغدای پایتەختی عێراق كرد و ڕای گەیاند: ”ئاگاداری سەردانی سێ لایەنەكەی كوردستان بۆ بەغدا نەبووین، پێمانوایە دەبووایە هەموو لایەنەكانی كوردستانیان لەگەڵدا بووایە، تاوەكوو بە یەك دەنگ بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكەن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی خۆی لە پەرلەمان و خەڵكی كوردستان وەردەگرێت، دەبێ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لە ڕێگەی سندووقی دەنگدان بێت، ئەمەش لە ڕێگەی حكوومەتی بەغدا پێمان خۆشە ئەگەر ئەو سێ لایەنە لەگەڵ لایەنی عێراقی قسەیەكی خێریان كردبێ“.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێران بە هەبوونی دەست لە خۆپیشاندانەكانی ئێران كرد و گوتی: ”لەبارەی ئەوەی ئێمە دەستمان لە ئاڵۆزییەكانی ئێران هەبێت، زیاتر لە كۆمیدی دەچێت تاوەكوو لە ڕاستی، ئێمە بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان دەستمان لەو كێشانەدا نییە لەگەڵ ئێران، ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەكی باشین لەگەڵ ئێران، ئەم سیاسەتە سیاسەتی هەموو لایەنەكانە وبەردەوام دەبێت، هەرگیز نابین بە هۆكاری تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئێران، ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، بابەتێكی ناوخۆیی خودی ئێرانە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و هیوادارین لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە“.
جەختیشی لە گرنگیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و نەیشاردەوە كە دیدارەكانیان لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا و ئەنگێڵا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ”گرنگ بوون“.
لەبارەی دەست لەكار كێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و كۆمەڵیش، نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە كە ئەو بابەتە ڕێكاری یاسایی خۆی هەیە و ڕاستە دەست لەكار كێشانەوەیان كردووە، بەڵام دەبێ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیان بكات. گوتیشی: ”ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەوان بۆ لە حكوومەت نەكشاونەتەوە، وەڵامی ئەوەمان دەوێ، چوارساڵە لەگەڵماندان تازە تێگەیشتوون ئەم حكوومەتە وایە و وایە، دەبێ قسەیان لەگەڵدا بكەین بزانین چییە بابەتەكە“.
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە كرد: ”لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆمان، باسی ئەوەمان كرد كە پشتگیری لەوە دەكەین، هەموو هێزە كوردستانییەكان پێكەوە بەشدار بین لە هەڵبژاردنەكانی عێراق“.