مەلا بەختیار: كەركووك شامی شەریف نییە

دوای كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار رایگەیاند، دوای رووخانی رژێمی سەدام، كورد ھیچ نەماوە نەیكات لە پێناو بونیاتنانەوەی عێراق و دوورخستنەوەی لە مەترسییەكان، لەبارەی بارودۆخی ئێستای كەركووكیش گوتی “نابێ وەك شامی شەریف تەماشای كەركووك بكەین”.

هەروەها رایگەیاند، سەركەوتنەكانی سوپای عێراقیش بەھۆی ھاوكاری پێشمەرگە بوون, بەڵام بەغدا سیاسەتێكی چەوتی بەرامبەر ھەرێمی كوردستان پیادە كردووە، ئەوەش تەنیا بەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەیەكی دیموكراسی وەك ریفراندۆم.

هەروەها رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، باس لە گرنگی و پاراستنی كۆی دەستكەوتەكان كراوە.

نێچیرڤان بارزانی، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی، لە بارەی كۆبوونەوە لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند، بەردەوام جەختیان لەوە كردووەتەوە، ئامادەن لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشەكان لە دوای 2003ەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن.

نێچیرڤان بارزانی، جەختیشی لە پەیوەندی نێوان حزبەكەی و یەكێتی كردەوە و رایگەیاند، دەبێت ئەو پەیوەندییانە قووڵتر بكرێتەوە، نەك تەنها لەگەڵ یەكێتی، بەڵكو پارتی و یەكێتی لەگەڵ تەواوی هێزەكانی دیكە.

دووپاتیشی كردەوە، مەرجی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، یەكڕیزییە.

سەبارەت بە‌ سەردانی شاندی سێ حزبی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، مەلا بەختیار رایگەیاند، ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە رێگەی حكوومەتەوە بێت.

روونیشی كردەوە، ئەو سێ حزبە بەر لە سەردانەكە لەگەڵ ئەوان كۆبوونەتەوە و دوای گەڕانەوەشیان هیچیان باس نەكردووە.

لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، ئاگاداری سەردانی ئەو شاندە نەبوونە و بە لایانەوە باش بووە هەموو حزبەكان بە یەكەوە سەردانی بەغدا بكەن و بە یەكەوە بەرگری لە مافەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، ئەولەویەتی كارەكانییان ئەوەیە كە ئەو دۆخە سەختەی ئێستا تێپەڕێنن.

لە بارەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی، مەلا بەختیار رایگەیاند، رێككەوتنەكە كاری خۆی كردووە، تەنانەت هەموو پیلانگێڕییەكان نەیانتوانیوە ئەو دەستكەوتانە لەناوبەرن كە بە هۆی ئەو رێككەوتنە تێكبدەن.

سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، لە كۆبوونەوەدا هەست نەكراوە یەكێتی ئامادە نەبێت بۆ هەڵبژاردن، ئەو بابەتەش لە نێوان سەرۆكایەتی حكوومەت، پەرلەمان و كۆمیسیۆن یەكلا دەكرێتەوە و بڕیارە هەفتە داهاتوو كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت و بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت.

Back to top button