لە سوید تەقینەوەیەك روویدا قوربانی هەیە

بە هۆی تەقینەوەیەك لە نزیك میترۆی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، دوو كەس برینداربوون.

پۆلیسی سوید رایگەیاند، پیاوێكی 60 ساڵی، لە نزیك میترۆی ستۆكهۆڵم “هەندێك شت”ی لەسەر زەوی هەڵگرتووەتەوە و دواتر تەقیوەتەوە، بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی “ئافتۆنبلادێت”، پێدەچێت ئەو شتەی پیاوەكە هەڵگرتووەتەوە، نارنجۆكی دەستی بووبێت.

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی پۆلیس، كە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سویدی رایگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەكە، پیاوە شەست ساڵییەكە و ژنێكی تەمەن 25 ساڵی برینداربوونە.

پۆلیس راشیگەیاندووە، لە ئێستادا هەردوو بریندارەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراون و برینی پیاوەكەش سەختە.

سەرچاوەكەی پۆلیس ئەوەشی راگەیاندووە، هەرچەندە پێناچێت رووداوەكە پەیوەندی بە كردەوەی تیرۆریستی هەبێت، بەڵام لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.

Back to top button