ئەمەریكا دان بە هەرێمی رۆژئاوای فوراتدا دەنێت
رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، لە داهاتوودا، 10 هەنگاوی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی بەرامبەر بە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات دەگرێتەبەر و هاوشێوەی هەرێمێكی لامەركەزی لە چوارچێوەی سووریا دانی پێدادەنێت، كە ئێستا هەسەدە كۆنتڕۆڵی كردووە.
وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، خەسڵەتێكی تایبەت بەم ناوچانە دەدرێت كە رووبەرەكەی 28 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتا 3 هێندەی رووبەری لوبنان دەبێت.
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە واشنتن و مۆسكۆ لەسەر ئەوە رێككەوتوون، رووباری فورات هێلی جیاكەرەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتە كە هەسەدە كۆنتڕۆڵی كردووە، لەگەڵ ناوچەكانی رۆژئاوای فورات، كە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریایە و لەگەڵ رووسیا كۆنتڕۆڵییان كردووە.
بە گوێرەی رۆژنامەكەش، ئەمەریكا بە نیازە ئەم 10 هەنگاوەی خوارەوە بگرێتەبەر:
یەكەم: زیادكردنی هاوكارییە سەربازییەكان، بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، بڕیاری بەردەوامی پڕچەككردنی ئەو هێزانە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، واژوو كرا، ئێستاش ژمارەی ئەو هێزانە گەیشتووەتە 25-30 هەزار چەكدار، لەو بڕیارەشدا، داواكارییەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان پشتگوێ خراوە، كە پێشتر داوای راگرتنی پرۆسەكەی كردبوو.
دووەم: راهێنانی زیاتر بە هێزەكانی سووریا دیموكرات و گۆڕانكاری لە رۆڵیان، بۆ ئەوەی ببنە هێزیكی نیزامی و لە دوای داعش پارێزگاری لە سەقامگیری ناوچەكان بكەن، لەگەڵ مەشق و راهێنان بە پۆلیس و گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانەی جموجۆڵی داعشییان تێدا ماوە.
سێیەم: بەهێزكردنی ئەنجوومەنه ناوچەییەكان كە حوكمی ناوچە ئازادكراوەكان دەكەن، وەكو ئەنجوومەنەكانی رەققە و تەبقە، كە پێدەچێت لە داهاتوودا بخرێنە سەر هەرێمی رۆژهەڵاتی فورات.
چوارەم: دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان لە رێگەی هاندانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ دابینكردنی سەرچاوە دارایی و مرۆییەكان، وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ دەكات، بڕیارە رەققە بكەنە لاس ڤێگاسی رۆژهەڵات.
پێنجەم: بەهێزكردنی خزمەتگوزاریی و ژێرخان، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سرووشتییەكان كە لەناوچەكە هەن، بەتایبەتیش نەوت و گاز و كشتوكاڵ و ئاو، ئێستاش هەسەدە گرنگترین گێلگەی گاز و نەوت و بەنداوی سووریای لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
شەشەم: راهێنانی دام و دەزگاكانی حكوومەت و دادوەری، پێشتریش بنجامین گریفۆ، گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی فەرەنسا رایگەیاندبوو، ئەو ژنە فەرەنسیانەی لە ریزی داعش بوونە و لەلایەن هەسەدەوە دەستگیركراون، ئاساییە هەر لەوێ دادگایی بكرێن، ئەگەر دامەزراوەكان توانای دەستەبەركردنی دادگایەكی دادوەرانەیان هەیە و رێز لە مافی بەرگریكردن دەگرن. ئەو لێدوانەش نیگەرانی ئەردۆغانی بە دوادا هات بەوەی ئەو لێدوانە، دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە شەرعیەتی ئەو هێزانە لە ناوچەكە.
حەوتەم: دانپێدانانی دیپلۆماسی بەو ناوچانە، وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، پسپۆڕان كار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی رمێلان و چەند بنكەیەكی دیكەی سەربازی دەكەن بۆ پێشوازیكردن لە دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكان لە چەند هەفتەی داهاتوو. هەروەها دابینكردنی پاراستنی ئاسمانی ئەو ناوچانە و هێشتنەوەی پێنج بنكەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات، كە ئێستا نزیكەی دوو هەزار شارەزا و سەربازی ئەمەریكا تێیدا جێگیربوونە و لەگەڵ هەسەدە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان پێكهێناوە.
هەشتەم: واشنتن گوشارەكانی چڕدەكاتەوە بۆ بەشداریكردنی نوێنەرانی هەسەدە و باڵی سیاسییەكەی لە پرۆسەی سیاسی جنێف لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرەڕای دژایەتیكردنی ئەو هەنگاوە لەلایەن توركیاوە، كە رەتیدەكاتەوە هیچ رۆڵێكی سیاسی بە هەسەدە و پەیەدە بدرێت.
نۆیەم: هاوكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی فیدرالی باكوور، كە بڕیار بوو 19ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسێكی كورد رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ كاتێكی دیكە دواخراوە و ئێستا گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی حكوومەت و وەزارەتەكان دەكرێت.
دەیەم: دەستەبەركردنی هاوكاری سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هەرێمی رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات و دابینكردنی پارێزگاری بۆ هەریمی عفرین و مونبج، كە هەسەدەی تێدا جێگیر بووە و رووسیاش بنكەی سەربازی و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دامەزراندووە. لەگەڵ بەستنەوەی واشنتن بۆ هاوكاریكردن لە نێوان هەرێمی رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق و هێنانە ئارای پرۆسەی راگوزەری سیاسی و لامەركەزی.