ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی دەكات
دوا ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسایەكی بۆ چاكسازی لە موچەو تەواوی كەرتەكانی حكومەت ئاراستەی پەرلەمان كرد, جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش، لە پەرلەمانی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت، ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و چەند پرۆژە یاسایەكیش تاوتوێ دەكرێت.
نازم ھەركی، جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: “ھەرچەندە بە فەرمی ھێشتا ڕانەگەیەنراوە كە چ ڕۆژێك كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام قەسە لەسەر ئەوەیە كە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو، كۆبوونەوەكە بكرێت”.
جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمان، ئەوەشی خستە روو، كە بە 48 كاتژمێر پێش كۆبوونەوەكە، لە سایتی فەرمیی پەرلەمانی كوردستان، وادەكە بڵاو دەكرێتەوە و بەرنامەی كاریش دادەنرێت.
ئاشكراشی كرد، كە لەوانەیە لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، پڕۆژەی چاكسازی حكوومەت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و دواتر ئاراستەی لێژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، تا ئەوانیش تاوتوێی بكەن، چونكە دەبێت كۆدەنگی ھەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لێژنە پەیوەندیدارەكانی لەسەر بێت.
نازم ھەركی، جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: “سبەی دووشەممە 8/1/2018 ھەریەكە لە لێژنەی یاسای و لێژنەی ناوخۆ، لەسەر ھەمواری یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2004ی ھاتوچۆ و غەرامە كۆدەبنەوە، راپۆرتی لەسەر دروست دەكەین بۆ كۆبوونەوەی داھاتوو”.