ئەكەر هەیە یەكێتی و پارتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پرسی بەشداریكردنیان بەیەك لیست لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی عیراقدا تاووتوێدەكەن، یەكێتیی بەڕەسمی داوای یەك لیستی لەپارتی كردو پارتیش ڕەزامەندی نیشاندا، بەرپرسێكی یەكێتیش ئاشكرایدەكات، “لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئەو پرسە یەكلاكرایەوەو كۆتا بڕیاری لەبارەوە درا”.
(یاسین عیزەدین) جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند “لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسلێمانی، پرسی بەشداریكردنی هەردوو حزبەكە بەیەك لیست لەهەڵبژاردنەكانی عیراق تاووتوێكرا”.
بەرپرسەكەی مەڵبەندی كەركوك وتیشی:”هەر لەكۆبونەوەكەدا باس لەكێشەكانی ئێستا ئیدارەی شارەكەو پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك كراوە، چونكە ناكرێت باس لەیەك لیستی بكرێت، بەڵام لەكەركوك كێشەكان بەو شێوەیە بەردەوامبن”.
ئەوەشی ڕونكردەوە، یەكێتیی و پارتی باسیان لەوەكردوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڕیارە ڕۆژی 15ی ئایاری 2018 بەڕێوەبچێت، بەیەك لیست بەشداریی بكەن تەنانەت لەناوچە دابڕێنراوەكانیشدا.
بەوتەی (یاسین عیزەدین) هەر كارێك لەبەرژەوەندی گەلی كوردو ناوچە دابڕێنراوەكان بێت، ئەوە یەكێتیی جێبەجێیدەكات، “بەڵگە بۆ ئەوەش ئەوەیە كە لەهەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عیراق، هەرچەندە لەزیانی یەكێتی دەبوو، بەڵام داوامان لەپارتی كرد بەیەك لیست بەشداریی پرۆسەكە بكەین”.
سەرچاوەیەكیش لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان یەكێتیی و پارتی لەشاری سلێمانی ئەوەی بۆ خواكوڕك پشتڕاستكردەوە، یەكێتیی بەڕەسمی داوای یەك لیستی لەپارتی كردوەو پارتیش ڕەزامەندی نیشانداوە كە بەیەك لیست بەشداریی بكەن.