جیهان پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، کە خۆپیشاندانەکانی ئێران فۆرمێکی سەرانسەری و جەماوەری لە خۆ گرتووە و ناڕەزاییەکان لە گەڵ توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەرەوڕوو بۆتەوە، ژمارەیەک لە سەران و کاربەدەستانی وڵاتانی جیهان، بە فەرمی هەڵوێستیان بەرامبەر بەم رووداوانەی ئێران وەرگرت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، رۆژی سێشەممە ٢-١-٢٠١٧، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەبارەی کوژراو و برینداربوون و دەستگیریکردنی خۆپیشاندەران جەختی کردەوە، کە دەربڕینی ناڕەزایی مافێکی بنەڕەتییە. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەروەها رایگەیاند: مافەکانی مرۆڤ لە ئەولەوییەتی پاریسدایە و لەم بارەیەوە رۆژانی داهاتوو لە گەڵ بەرپرسانی ئێرانی گفتوگۆ دەکەن و را و سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.
رۆژی رابردوو، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، کە دەبێ گوتارێکی پڕمانا سەبارەت بە پرسە گرینگەکان بێتە ئاراوە و ئێمە چاوەڕوانیمان لە بەرپرسانی ئێران ئەوەیە، کە رێگە بە هاتنەکایەی ئەم گوتارە بدەن.
فدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، بۆ یەکەمین جار و لە دوای خۆپیشاندانی شەش رۆژەی گەلانی ئێران ئاشكرای کرد، کە پەیوەندییان بە بەرپرسانی ئێرانەوە کردووە و ئێڕان دەبێ مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە فەرمی بناسێت.
رۆژی دووشەممەی ههفتهی رابردووش، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران راگەیاند و داوای لە ئێران کرد، کە رێز بۆ مافی خەڵک دابنێت.
زیگمار گابریەل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان خۆی لە توندوتیژی بەدوور بگرن.
وەزیری گەیاندن و گواستنەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: جیهان دەبێ پشتیوانی لەم خۆپیشاندانە بکات، کە ئامانجی دوایی، رووخاندنی رژێمی ئێرانە. ئەیوب کارا لەم بارەیەوە گوتی: ئێمە پێمان وایە، کە جیهان دەبێ پشتگیری خۆپیشاندەران بکات و دەنگی خۆی بخاتە پاڵ دەنگی ناڕازییان، کە ئامانجیان لادانی ئایەتوڵڵاکانە لە دەسەڵات.
نیکی هێلی، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیانێکدا گوتی: حکومەتی ئێران لە بەردەم تاقیکردنەوەی خەڵکەکەیدایە. ئێمە هیوادارین ئازادی و مافەکانی مرۆڤ سەرکەون.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران و داواکانیان راگەیاند.لە راگەیێندراوەکەی کەنەدا هاتووە: کەنەدا بە وردی چاودێری خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات. ئێمە داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین، لە مافە دیموکراتیەکانی خەڵک بە فەرمی بناسێت. کەنەدا پشتگیری مافە بنەڕەتیەکانی خەڵکی ئێران دەکات، کە مافی ئازادی ڕادەربڕین یەک لەوانە.
بۆریس جانسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە هەژماری تویتەری خۆیدا نووسی: بە هەستیارییەوە چاودێری رووداوەکانی ئێران دەکەین. پێویستە هاووڵاتیانی ئێران خوەن مافی دەربڕینی ناڕەزایی بن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، خۆپیشاندانەکانی بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی ئێران وەسف کرد و رایگەیاند، دەستوەردانی دەرەکی لەم رووداوانە قابیلی قبووڵ نییە.
لە کاتێکدا گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی ئێران، هەڵوێستی بێ لایەنی خۆی بە فەرمی وەرگرتووە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی دەستوەردانی ئیسرائیل لەم رووداوانە بە گاڵتەجاڕ وەسف کرد. نەتەنیاهۆ گوتی: ئێڕانیەکان شیاوی باشترینەکانن، ئەوان بە دوای ئازادیدا دەگەڕێن، کە دەیان ساڵە لێیان زەوت کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند تویتێکدا، جەختی کردەوە، کە رژێمە سەرکوتکەرەکان ناتوانن بۆ هەمیشە بمێننەوە، خەڵکی ئێڕان لە سەر دووڕێیانیەکدان. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، جیهان چاوی لە سەر خەڵکی ئێڕانە.
هاوکات، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: تا ئەو کاتەی ئەو سەرۆک ترەمپ لە دەسەڵاتدان، رێگە نادەن خەڵکی ئێران بێ هیوا بن.