داوای كەمكردنەوەی رسوماتی تۆماركردنی خانووبەرە دەكرێت
لەسەركەمكردنەوەی رسوماتی تایبەت بەخانوو و موڵكداری لەكاتی تۆماركردنیان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاتەدەنگ و سەرۆكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت: دەبێت حكومەت بەهەماهەنگی پەرلەمان، بڕیاری زیادكردنی رسومات هەڵبوەشێننەوە.
(ئازاد محەمەد)سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا رایگەیاند:” ئەوكاتەی حكومەتی هەرێم بڕیاری زیادكردنی رسوماتی خانوو و موڵكداری لەسەر هاوڵاتیان دەركرد وەك ئەنجومەنی پارێزگا بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و دهۆك و نوێنەرایەتی هەڵەبجە رەتمانكردەوە و داوامان كرد زیادكردنی ئەو رسوماتانە هەڵبوەشێتەوە”.
هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونیشكردەوە، چەندجارێك داوایانكردووە قەرزەكانی هاوڵاتیان و موچەخۆران لەموچە پاشكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بدرێتەوە، بەڵام تائێستا حكومەت هیچ هەنگاوێكی لەبارەیەوەنەناوە.
ئاشكراشیكرد بڕیاری زیادكردنی ئەو رسوماتە تەنها بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی دەرنەكراوە، بەڵكو لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستانە،”بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان بڕیاری زیادكردنی رسوماتی تاپۆكردنی خانوو و تەواوی موڵكداریی هەڵبوەشێننەوە”.
ماوەی نزیكەی یەك ساڵ زیاترە حكومەتی هەرێم بڕیاری زیادكردنی رسوماتی لەبەرامبەر تاپۆكردنی خانوو و تەواوی موڵكداریی بۆ چەند هێندەیەك بەراورد بەپێشتر زیادكردوە، هەرچەندە تائێستاش چەند پێشنیازێك بۆ كەمكردنەوەیان كراوە، بەڵام هیچیان نەخراوەتەوە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.