سوننەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكەن

 

دوای رووداوەكەی ئەمڕۆی ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پێكدادانی نێوان پەرلەمانتارانی سوننەو كوتلەی ئەحراری شیعە، پەرلەمانتارانی كوتڵەكانی سوننە، بڕیاریاندا بایكۆتی دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان بكەن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ 8ی كانونی دووەمی 2017 ئەنجامیاندا، كوتلەی یەكێتی هێزە عیراقییەكان، كە گەورەترین كوتلەی سوننەیە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاریاندا بایكۆتی دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان بكەن.

(سەڵاح جبوری) سەرۆكی كوتلەی یەكێتی هێزە عیراقییەكان، رایگەیاند:” ئەوانەی پشێوییان لە دانیشتنەكەی پەرلەمان نایەوە، رێگە بە جێبەجێكردنی یاسا نادەن و دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر پەرلەماندا بسەپێنن”.

وتیشی: بڕیارمانداوە بایكۆتی دانیشتنەكان بكەین و تەنها بەو مەرجە دەگەڕێینەوە كە بە فەرمی داوای لێبوردن لە ئێمەو لەو پەرلەمانتارانەش بكرێت كە بەشێوەیەكی بەڵتەجییانە پەلامار دراون.

بڕیارەكەی نوێنەرانی سوننە، لەكاردانەوەی رووداوەكەی ئەمڕۆی ناو هۆڵی پەرلەمان دێت، كە بەهۆی رێگریكردن لە پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێكی سوننەو دانانی جێگرەوەكەی، شەڕو پێكدادان لەنێوان ئەو پەرلەمانتارانەو پەرلەمانتارانی كوتلەی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر روویدا، بەو هۆیەشەوە دانیشتنەكەی پەرلەمان دواخرا.

Back to top button