وردەکاری جێبەجێکردنی ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان

بۆ پتەوکردن و جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کورد لە خۆرئاوای کوردستان، ئیدارەی ئەمریکا سەرقاڵی پەسەندکردنی ستراتیژییەکی نوێی تایبەت بە سوریایە کە بەگوێرەی لێدوانی جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بڕیارە بە ناردنی ژمارەیەک دیبلۆماتکار و پسپۆڕی سەربازیی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دەست پێبکات.

لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو واشنتۆن و مۆسکۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ڕووباری فورات هێڵیکی جیاکەرەوەبێ لە نێوان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی ئەمریکا کۆنتڕۆڵ کراون لەلایەک لەگەڵ ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە کە بە پاڵپشتی ڕوسیا کەوتونەتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای حکومەتی سوریا.
بە پێی زانیارییەکان ئەمریکا دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە (١٠) هەنگاو بنێت کە ئەوانیش بیرتین لە:
١: زیادکردنی پشتگیریی سەربازیی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
٢: مەشقپێکردنی ئەو هێزانە و گۆڕینیان بۆ هێزێکی نیزامی کە کار بۆ جێگیرکردنی ئاسایش بکات لە خۆرئاوای کوردستان، لەگەڵ دانانی نزیکەی سێ هەزار پۆلیس.
٣: بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێی کانتۆنەکان کە لە داهاتوودا شارەکانی ڕەقە و تەبقەش دەچنە ئەو چوارچێوەی ئەو کانتۆنانەوە.
٤: نۆژەنکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ئەویش بە زیادکردنی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی بۆ ناوچە زیانلێکەوتوەکانی شەڕی دژی داعش.
٥: پتەوکردنی خزمەتگوزاریی و ژێرخانی ناوچەکە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز و کشتوکاڵ و ئاو.
٦: ڕاهێنان و کردنەوەی خول بۆ کارمەندانی دامەزراوە حکومی و دادگاکان.
٧: پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە و هێشتنەوەی پێنج بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات کە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیان دروستکردووە.
٨: دانپیادانانی دیبلۆماسی بە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات و فشاری ئەمریکا بە ئاراستەی بەشداریکردنی نوێنەری ئەو هێزانە لە دانوستانەکانی جنێف.
٩: پشتگیریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کە لە کانتۆنەکاندا کە بڕیاربوو لە ١٩-ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچن، بەڵام بۆ کاتێکی تر دواخراوە.
١٠: دابینکردنی پشتگیریی سیاسی و سەربازیی و دیبلۆماسی بۆ ناوچەکە و پاراستنی کانتۆنەکان لە کاری دوژمنکاریی.
ئەوە لەکاتێکدایە هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندی باشی لەگەڵ هەردوو لایەنی ڕوسیا و ئەمریکادا هەیە کە ئەوەش وایکردووە مۆسکۆ لە داهاتوودا ڕۆڵی نێوەندکار بۆ هەر جۆرە دانوستانەکانێک لە نێوان ئەو هێزانە و دیمەشقدا بگێڕێت سەبارەت بە دواڕۆژی سیاسی ناوچەکە.
بەڵام لە بەرانبەردا دیمەشق لە دوایین لێدوانیدا هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە خیانەتکار ناو بردووە و ئەمریکاش جەخت لەسەر بەرگریکردنی لە هاوپەیمانەکانی دەکاتەوە.

Back to top button