ئەردوغان وای گوت و ئەردوغان وای کرد!
نیاز حاجی
میدیاکانی دەڤەری سەوزنيلي ئەوەندە بە ئەردوغانەوە خەریکن، چارەکی ئەوەندە بە روداوە زۆر و زەوەندەکانی ناوچەکەوە خەریک نین، میدیا و راگەیاندنەکانی ئاک پارتی و تورکیاش بەقەدەر میدیاکانی دەڤەری سەوزنیلی ئەوەندە بابەت و هەواڵیان لەسەر ئەردوغان نیە. ئەوکاتەی لەلایەن تورکیاوە فرۆکە روسیەکە خرایە خوارەوە دەیان بابەت و ریپۆرتاژ و دیمانەیان لەسەر کۆتایی ئەردوغان ئامادەکرد، کاتێک سەیری ئەو میدیایانەمان دەکرد ئەوکات، ئەو هەستەت لا دروست دەبوو کە ئەردوغان کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە نەک هەر لەدەسەڵات بەلکو لە ژیانیش، کاتێکیش کودەتا کرا لە دژی ئەردوغان، هەر زوو راکردنی ئەردوغان لەلایەن ئەومیدیایانەوە بڵاوکرایەوە. کاتێک ئەردوغان کێشەکانی لەگەڵ پۆتین چارەسەر کرد و پۆتین پشتی لە پەکەکە کرد و سوپای تورکیا چوە ناو جەرابلوسەوە دیسانەوە دەیان راپۆرت و دیمانەی دژ بەیەکیان ئامادەکرد و بلاوکردەوە و ئێستاش هەر بەردەوامن. وەک کوردێک جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان روحانی و ئەردۆغان و خامەنەیی و سیستانی و مالیکی و بەشار ئەسەد نابینم، هەریەکیان بەجۆرێک دژی کوردە، بەڵام دژایەتی ئەو حزب و میدیایانەی دەڤەری سەوزنیلی تەنها بۆ ئەردوغان بۆ ئەوە ناگەرێتەوە کە ئەو تورکە و ئەوان کوردن یان ئەو دژی پەکەکەیە، بەڵکو دژایەتی ئەوان بۆ ئەردوغان لەبەر ئەوەیە کە رێگای داوە کورد بێ گەرانەوە بۆ بەغدا نەوت بفرۆشێت و نزیکە لە بارزانی، ئەگەر بەیانی ئەردوغان رێگابگرێ لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان، ئەردوغان لای ئەوان دەبێت بە فریشتە هاوشێوەی روحانی و مالیکی و ئەسەد کە دور و نزیک ئەو میدیایانە نزیکیان ناکەون. ئەگەر بەیانی ئەردۆغان ببێتە دژی بارزانی بێ، ئەو میدیایانە دەیکەنە ئەفسانەی ئازایەتی و پەکەکە دەکەن بە یاخی و تیرۆریست، ئەوان دەستخۆشی لە ئەردوغان دەکەن ئەگەر تەواوی پەکەکەش لەناوی بەرێت و تانکەکانی تورکیا لە قەندیل و جەزیرە و کۆبانێ پشوبدەن! گرنگ لای ئەو میدیایانە ئەردوغان دژی بارزانی بێ ، لای ئەوان گرنگ نیە چی دەکات یان چی ناکات.
بیرمانە لە ناوەراستی نەوەدەکان ئەو کاتەی تورکیا دژی بارزانی بوو، بەرێز ( مام جەلال ) خاوەنی پرۆژەی یەکگرتنی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ تورکیا، کەچی ئێستا میدیاکانیان دژی هەموو نزیکبونەوەیەکی هەرێمی کوردستان و تورکیان.
لای میدیاکانی دەڤەری سەوزنیلی، بەشار ئەسەد و روحانی و خامەنەیی فریشتەن، مالیکی ئیلهام بەخشە، بە دێرێکیش باس لە ئەوان و تاوانەکانیان ناکرێ، گرنگ نیە ئەوان چی بەسەر کورددا دەهێنن لە وڵاتەکانیان بەڵکو لای ئەوان ئەوە گرنگە ئەوان دژی بارزانین.