سەرۆك وەزیران داوای كچێك بۆ پۆلیسێك دەكات
خواكوڕك
بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی بنكەیەكی پۆلیسی ئیستەنبۆڵی كردبوو، یەكێ لە پۆلیسەكان داوایەكی سەیری لە سەرۆك وەزیران كرد.
لە 12ی 9ی 2016، رۆژنامەكانی توركیا بڵاویان كردەوە، ، پۆلیسێك داوای لە سەرۆك وەزیران كردووە یارمەتی بدات بۆ ئەوەی داخوازی ئەو كچەی بۆ بكات كە خۆشی دەوێت و پێشتر چووەتە داخوازی، بەڵام رەتیان كردووەتەوە و كچەكەیان پێنەداوە.
یڵدرم دەمودەست دوای بیستنی داواكارییەكە، رەزامەندی دا و تەلەفۆنی بۆ كچەكە و كەسوكارەكەی كرد، ئەوانیش جگە لەوەی تووشی سەرسورمان بوون، بەهۆی ئەوەی سەرۆك وەزیران داوای دەستی كچەكەی كردوون، داواكەیان قبووڵ كرد.
ئەوەی جێی سەرنجە یڵدرم لە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە داوای لە پۆلیسەكە كرد تەلەفۆن بۆ دایكیشی بكات و خۆی هەواڵەكەی پێ رابگەیەنی، ئەوە بوو سەرۆك وەزیرانی توركیا مزگێنییەكەی بەدایكی پۆلیسەكە گوت.