فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو بەرپرسی یەكێتی لە كۆیە دەردەچێت
بەهۆی سكاڵای بنەماڵەی ئەو گەنجەی لەخۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوو شەهید بوو، دادگای كۆیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەو شارە دەركرد.
(هێرش عومەر )كە پیشەی مامۆستا بوو لەپەیمانگای زانستە كۆمپیتەرییەكان لەشاری كۆیە، ماوەی دوو ساڵیشە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، دوای ئەوەی وەكو هەزاران كەسی دیكە بەشداری خۆپیشاندانەكانی شاری كۆیەی كرد، بەڵام لەبەردەم مەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەگوللـەی هێزە ئەمنیەكان بریندار كراو دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
مامۆستا (هێرش عومەر) چەند خولەكێك پێش بریندار بونی دوای چەند خولەكێك فیشەكێك لەجۆری ئێم فۆری ئەڵمانی دەیپێكێتو بەسەختی بریندار دەبێتو بەپەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەو دواتریش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر دەكرێت، هەر ئەو كاتەش دكتۆرەكان ئاماژەیان بەوە دابوو باری تەندروستی زۆر خراپە، ئەگەر نەشمرێت جارێكی دیكە ناتوانێت لەسەرپێكانی بوەستێت.
هێرش عومەر دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەكو مانەوەی دە رۆژ لەنەخۆشخانەیەكی هەولێر، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لەرۆژی 28ی مانگی 12ی 2017 گیانی لەدەستداو تەرمەكەی گەڕێنرایەوە كۆیه.
(هێمن عومەر) برای (هێرش عومەر) رایگەیاند:” ئێمە وەكو بنەماڵە سكاڵای یاساییمان كردوە لەسەر مەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەی یەكێتیو ئاسایشی رۆژهەڵاتو فەرماندەی لیوایەكو هێزەكەی كە لەناو مەڵبەند بووە، هەربۆیە داوامان كردوە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بكرێت كە پێدەچێت ئەوان فەرمانی تەقەكردنیان دەركردبێت، ئەو گوللـەیەی بەر مامۆستا هێرش كەوتوە لەجۆری ئینفۆری ئەڵمانیە كە بەپێی زانیارییەكانمان تەنها سێ دانە لەوجۆرە چەكە لەناو كۆیە هەن، هەربۆیە ئێمە گومانمان لەو فەرماندەی لیوایە هەیە كە لەناو مەڵبەند بووه”.
هەروەها (هێمن عومەر) ڕاشیگەیاند:” ئێمە هیچ كاتێك دوژمندار نەبوین نامانەوێت ببینە دوژمنداریش، هەر بۆیەش بەهەمو شێوەیەك سوڵحی عەشایەری رەتدەكەینەوە، بەڵكو دەمانەوێت لەرێگەی یاساوە حەقی خۆمان وەربگرینەوە، هەرچەندە بەشێوەیەكی فەرمی داوایان نەكردوە، بەڵام تەنها بیستومە دەیانەوێت سوڵحی عەشایەری بكەن”.
بەهۆی سكاڵای بنەماڵەی مامۆستا هێرش ئەو گەنجەی لەخۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوو شەهید بوو، دادگای كۆیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەرپرسی مەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەی یەكێتی و ئامر لیوایەكی پێشمەرگە دەركردووە.