قائیمقامی خورماتوو: چوونی شاندی جیاجیا بۆ بەغدا پێگەی كورد لاوازتر دەكات

دوای ئەوەی شاندێكی حزبی گۆڕان كۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری سەردانی بەغدایانكرد لەگەڵ سەرۆك وەزیران و چەند بەرپرسێكی دیكەی عێراقی كۆبوویەوە, قائیمقامی خورماتوو رایدەگەیەنێت، چونی لایەنەكان بە جیا بۆ بەغدا كاریگەری لەسەر پێگەی كورد دەبێت و بەغدا بەرەو ئەوە دەچێت وەك پارێزگاكان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و روونیشیدەكاتەوە، لادرانی لە پۆستەكەی كارێكی نایاساییە.

قائیمقامی خورماتوو، شەلال عەبدول رایگەیاند، “ئەمڕۆ بە دەنگی 12 ئەندام لە كۆی 21 دەنگ بڕیاری لابردنی منیان داوە، بەڵام دەمەوێت ئەوە روونبكەمەوە، ئەو ئەنجوومەنە لە كاتی دەسەڵاتی برێمەر دامەزراوە، لەسەر بنچینەی تەوافق و هاوسەنگی دانراوە و پێكهاتەكان هەریەكیان حەوت ئەندامی هەیە. كورد پشكی قائیمقامی هەبووە و لە كۆی 32 پۆستدا شەش پۆستی هەبووە و زیاتر لە 16 پۆست بەر توركمان كەوتووە و عەرەبیش سەرۆكی ئەنجوومەن و شەش پۆستی هەبووه”‌.

گوتیشی: “دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوان هەوڵیانداوە، سەرۆكی ئەنجوومەن كە عەرەب بوو گۆڕیان بە عەرەبێكی دیكە كە خۆیان دەیانەوێت. سەرۆكی شارەوانی خورماتوویان لابرد كە كوردە و بەڕێوبەری دابەشكردنی كارەبایان لابرد. بەڕێوبەری ڤێتەرنەریان لابرد كە كوردە و ئەمڕۆش بڕیاری ئەوەیان داوە قائیمقام كە پشكی كوردە لابەرن. ئەمانە گۆڕانكاری سیاسیین و چونكە لە بەغدا و تكریت لەسەر ئەوە رێككەوتوون”.

شەلال عەبدول هەروەها گوتی: “ئەوان دەستوور و یاسا ئیتیحادییەكان بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن و لە دیدی ئەوانەوە هەموو ئەوەی ئێمە دەیكەین، دژی دەستوورە، بەڵام بۆ ماددەی 140 كە لە بەرژەوەندی كوردە دانی پێدانانێن و جێبەجێی ناكەن”.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە شەلال عەبدول گوتی: “بەغدا راستمان لەگەڵ ناكات و بەڵێنی زۆر دەدەن و جێبەجێی ناكەن و بێدەنگییەكە هۆكاری ئەوەیە پێگەی كورد لە بەغدا كز بووە و توانای نەماوە. جاران بەرپرسانی حكومەتی عێراق هەوڵیاندەدا ئێمە ببینن، بەڵام ئێستا ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا بە زەحمەت دەتوانن چاویان بەو بەرپرسانە بكەوێت و زۆر بە كەمتەرخەمیش گوێیان لێ دەگیرێت و هۆكارەكەی ئەوەیە كورد لاواز بووە. پەرتەوازەیی ناو ماڵی كورد و چەند وەفدی كە دەچنە بەغدا وایكردووە كەمتر گوێ لە كورد بگیرێت، راستە حكومەتی هەرێم كەموكورتی هەیە، بەڵام پێویستە یەكدەنگ بین و تا بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكرێت، كێشەكانمان ئاڵۆزتر بێت و دەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات”.

Back to top button