24 هەزار گەنج بەهۆی پڕۆژەكانی قەرزی بچووكەوە كاریان دەستكەوتووە
دوای ئەوەی لەلایەن گەنجانەوە داواكارییەكی زۆر بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك ئاراستەی حكومەتكرا، حكومەت برەزامەندییان داوە لە مانگی نیساندا دەست بەوەرگرتنی قەرزەكان بكەنەوە و دووبارە بیدەنەوە بە قەرز.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سندووقی پشتیوانی لە پرۆژە بچووكەكانی لاوان، لە مانگی ئابی 2011 تاوەكو كۆتایی ساڵی 2015، هەشت هەزار و 136 كەس لە وەرگرتنی قەرزی بچووك سوودمەند بوونە، 76 ملیار و 838 ملیۆن و 900 هەزار دیناریش لە رێگەی ئەو سندووقەوە بە قەرز دراوەتە گەنجان.
بەپێی ریزبەندی، زۆرترین سوودمەند لەو قەرزە لە شاری سلێمانییە بە 2.462 پرۆژە، دهۆك بە 2.442 پرۆژە بە پلەی دووەم دێت و هەولێر بە 2.346 پرۆژە و گەرمیان بە 886 پرۆژە بە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، بەڵام لە وەرگرتنی زۆرترین پارەدا هەولێر بە وەرگرتنی 22 ملیار و 43 ملیۆن دینار لە پلەی یەكەمدایە و دهۆك بە 22 ملیار و 755 ملیۆن لە پلەی دووەم، هەروەها سلێمانی بە 22 ملیار و 314 ملیۆن و گەرمیان بە وەرگرتنی 7 ملیار و 725 ملیۆن پلەی سێیەم و چوارەمیان گرتووە.
بەپێی یاسای پرۆژەكە، دەبووایە حكومەت ساڵانە 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەكە دابین بكات، تا ئەوكاتەی داهاتی سندووقەكە دەبێتە 500 ملیار دینار، بەڵام تەنیا ساڵی 2011 و 2012 حكومەت پابەندبوو بە دابینكردنی پارەكە و 12 ملیار دیناریشی لە بودجەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پرۆژەكان تەرخان كرد و ساڵی 2013 یش 14 ملیاری دیكە تەرخانكرا، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ماوەی دوو ساڵە هیچ بڕە پارەیەك بۆ سندووقەكە دابین نەكراوە، وەرگرتنەوەی قەرزەكانیش وەستێنراوە.
ئارام ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی لە پرۆژە بچووكەكانی لاوان (قەرزی بچووك) لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاندووە: “سندووقەكەمان خاوەنی سەرمایەی تایبەت بەخۆی بوو، بۆیە تا 10 ی كانوونی دووەمی 2016 ، واتە دوو ساڵ پاش سەرهەڵدانی قەیرانی داراییش بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بە بڕیارێك بەخشینی قەرزەكە وەستێندرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو 29 ملیار و 949 ملیۆن و 539 هەزار دینارمان لەبانكدا هەبوو”.
هەتا ئەو كاتەی پرۆژەكە وەستێندرا، مانگانە یەك ملیار و 200 ملیۆنیان لە سوودمەندبووان وەردەگرتەوە، بەمەش دەیانتوانی درێژە بە پێدانی قەرزەكە بدەن، بەڵام حكومەت پرۆژەكەی راگرت.
ئارام ئەنوەر پێیوایە سندووقەكە ئامانجی خۆی پێكابوو، چونكە لە ماوەی چوار ساڵدا 8000 گەنج بوونە خاوەنی پرۆژە، زیاتر لە 24 هەزار گەنجیش بەهۆی ئەو پرۆژانەوە كاریان دەستكەوت. بۆیە دەڵێت “ئەگەر پرۆژەكە بەردەوام بووایە، رێژەی بێكاری لە 6.5%ەوە بۆ 15% بەرز نەدەبووەوە”.