مەسروور بارزانی: ئەگەر خیانەت نەبوایە حكومەتی عێراق جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو
مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان هۆكاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی بۆ كۆمەڵێك ڕێكاری نایاسایی و سیستەماتیك گێڕایەوە، كە لەلایەن حكوومەتەكانی بەغداوە دژ بە هەرێمی كوردستان گیرانەبەر.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی “رووداو”، كە ئەمشەوی چوارشەممە پەخش كرا، دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەندان پرسی دیکەی خستەڕوو.
مەسروور بارزانی لەبارەی هۆكاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە گوتی “دوای ئەوەی بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی ئەوە درا ڕۆڵی کورد و دەسەڵاتی کەم بکرێتەوە، بودجەی هەرێمی کوردستان کەم كرایەوە و دواتر بە تەواوی بڕا، هەوڵی ئەوە نەدرا پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزوومەی دیفاعیی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، ڕێگرییش لە گەیشتنی چەک بۆ پێشمەرگە کرا، مادەی ١٤٠ و ٥٥ دەستوور پێشێل كران، ئەمانە وایان کرد پەنا بۆ شتێک ببەین، تاوەکو گەلی ئێمە ئەوەیان بەسەر نەیەت کە پێشتر بەسەریان هاتووە”.
هەروەها لەبارەی سەرەتای بیرۆكەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە ئاماژەی بەوە دا “پێمان باش بوو بچین پرس بە خەڵکی خۆمان بکەین، ئەمە بیرۆکەی ڕیفراندۆمی دروست کرد. لە ٢٠١٤ەوە جەنابی سەرۆک داوای لە پەرلەمان کرد، لێژنەیەک بۆ ڕیفراندۆم دروست بکرێ، لەو کاتەوە بیرۆکەکە هەبووە”.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان گوتیشی “مادام حکوومەتی عێراق ئامادە نەبێ بە شێوەیەکی بنەڕەتی مافەکانی خەڵکی ئێمە جێبەجێ بکات، دوو ڕێگە هەبوو، یان پەنابردن بۆ شەڕ کە ئێمە ڕەتمان دەکردەوە، یان پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم”.
مەسروور بارزانی لەبارەی چۆنیەتی بڕیاردانیش بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئاشكرای كرد “پێشتر جەنابی سەرۆک و هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان (گۆڕان و کۆمەڵ هەندێک خۆیان دوور خستەوە) لە كۆبوونەوەی ٧ی مانگی حوزەیراندا بڕیاریان دا ریفراندۆم ئەنجام بدرێ، کەس نەیدەزانی ٢٥ی ئەیلوول بۆ ڕیفراندۆم دیاری دەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو لایەنەکان بڕیاریان لێدا و کۆک بوون لەوەی بەشێک بن لەو سەروەرییە و دواتر ئەنجامەکانی چۆن بوو و خەڵک چ هەڵوێستێکی وەرگرت، ئەمە شتێکی دیکە بوو، بەڵام لە سەرەتاوە هەموو کۆک و هاودەنگ بوون”.