سڵاو هەڤاڵ ئاسۆ

مەسعود مەلا پەروێز

زۆر ڕاستت گووت کاتێک گووتت هەر ڕۆژێک ژیان لە کەرکوک مردنێکە ، بە تایبەتی شارێک کە داگیرکرابێ لەلایەن کۆمەڵێ میلیشیایی مەزهەبیەوە ، کە هیچ بڕوایەکی بە مۆڕاڵی سیاسی و ئینسانی نیە ، کۆمەڵێ چەکداری وەحشی و دڕندە بەڕەڵا کراونەتە ئەو شارە بە ئارەزوی خۆیان سوکایەتی بە هەرچی پیرۆزی ئەو شارە هەیە دەکەن . دەیانەوێت ئەو زوڵم و ستەمەی کە ڕژێمەکانی پێشوو بەرامبەر کورد کردیان ئەمان تەواوی بکەن ، هەر لە کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەکردن و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانیەکان ، خۆ کاتی خۆیشی جەماوەری کوردستان و کەرکوک بە تایبەتی دەنگیان دا بۆ ڕاپرسی ، هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو دەیانوویست چەند زووە سایەی ئەم دڕندانە لەسەریان لاچێت ، چونکە خەڵکی سادە و هەژار باشتر لە هەندێ سیاسیەکان دەیانزانی ژیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە وەحشیە ڕۆژانەی مردنێکە ، خۆ بینیتان خەڵکی کەرکوک چەند بە پەرۆش بوون بۆ جیابوونەوە ، بەڵام هەندێ نەزان و کاڵفامی سیاسی بوونە هۆی ئەوەی ژیان لەو شارە ببێتە گۆڕستانی زیندووەکان ، من دەستخۆشیت لێ دەکەم کە یەکەم سیاسیت لە گروپی 16 ی ئۆکتۆبەر دانت بە هەڵەکەی خۆتدا نا ئەویش خۆی لە خۆیدا کارێکی باشە بۆ چاککردنەوەی ئەو هەڵە سیاسیە نەزانانە کە دەرهەق بە خەڵکی کەرکوک کرا و دەرەنجام بووە هۆی داگیرکردنی ئەم شارە کوردیە لەلایەن ئەم چەکدارە وەحشیانەوە .

Back to top button