قایمقامی داقووق: دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر پێنج پۆست بە هەڕەشە لە یەكێتی وەرگیراوەتەوە

قایمقامی داقووق ڕای دەگەیەنێت، دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، پێنج بەرپرسی ئیداریی داقووق كەلە پشكی یەكێتی بوون، بە زمانی هەڕەشە لە پۆستەكانیان لابراون.

د. ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی لەكار لادراوی داقووق كە لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پۆستەدا بوو، ڕاگەیاند: “زۆر بەداخەوە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەندێك لە تەعریبچییەكان و ھەندێ لەو كەسانەی كە بە زمانی توندوتیژی مامەڵە لەگەڵ خەڵكی داقووق و خورماتوو دەكەن، پەنایان بردەبەر ئەوەی كە پێنج بەرپرسی ئیداریی داقووق لە پۆستەكانیان لا ببەن كە یەكێك لەو پۆستانە پۆستی قایمقام بوو كە لە سەرەتاوە لابرا”.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت: “سكاڵامان لەلای ڕاكان سەعید پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت كرد لەسەر ئەوەی لە پۆستی قایمقام لابراوم، بەڵام ئەو كەسێكی دیكەی بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد، ھەروەھا تەعریبچییەكانیش خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و نووسراویان بۆ ئەنجومەنی قەزای داقووق كرد بۆ لابردنی من وەك قایمقام، ئەویش لەسەر ئەوەی كە ئاڵای كوردستانمان لە داقووق ھەڵكردووە و ڕاپرسیمان لە شارەكەدا كرد، هەروەها لە نووسراوەكەدا نووسیویانە كە ھاوكاریی پەكەكە كراوە”.

ئەمیر خوكەرەم ئاشكراشی كرد: “ھەریەكە لە بەڕێوەبەری پۆلیسی داقووق، بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان، بەڕێوەبەری كشتوكاڵ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق، پۆستی قایمقام كە سەرجەمیان كوردن و لە پشكی یەكێتیی نیشتمانین، لەلایەن تەعریبچییەكان و ئەو كەسانەی ئەمڕۆ وەكوو چەكدار لە قەزای داقووق بوونیان هەیە، نەگەڕاونەتەوە بۆ یاسا و بۆ كورد، بە زمانی هەڕەشە، ئەو پۆستانەیان لە یەكێتی و لە كورد وەرگرتووەتەوە”.

ڕوونیشی كردەوە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا پێش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەوەندەی ئەو دوو مانگەی كە داقووق داگیر كراوە، تەقینەوەی تێدا نەكراوە، چونكە لەو دوو مانگەدا ٢٥ تەقینەوە ئەنجام دراون و ئامانجیش لێی تۆقاندنی كورد و مەرامی سیاسییە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ چوارشەممە 10/1/2014، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە فشار، پۆستی قایمقامی خورماتوویان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە كورد وەرگرتەوە و كەسێكی دیكەیان لە جێگەی دانا.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەكی دیكە، بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی 200 ھەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە”.

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕاشكاوی ڕای گەیاند: ”هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵكوو خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی بوو“. باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەكێتی وەك خیانەتكار سزا دەدا.

Back to top button