گۆڕان بۆ شاسوار بە جلی ماركە, بەرنامەی نەوشیروان مستەفا بەتۆ جێبەجێ ناكرێ
دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید لە چەند دیدارێكدا خۆی بە سەرۆكی گرووپێك بە ناوی نەوەی نوێ ناساندووە, لە چەند كۆبوونەوەیەك گووتویەتی هاتوم كارەكانی نەوشیروان مستەفا تەواو بكەم كە مەرگ رێگەی نەدا ئەو بیكات, بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەلێت نیگەرانین لەوەی كە ئەو كەسەی خۆی بە سەرۆكی گرووپێك دەناسێنێت ناوی نەوشیراون مستەفا لەبەرژەوەندی خۆی بەكاردێنێت.
نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید، قەوارەیەكی سیاسی داناوە، ئەو لە دەسپێكی كارەكانیدا بەچەپ و ڕاستدا ھێرشی توند دەكاتە سەر لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی بەشێوەیەكی نەزانانە ڕمی ڕەخنەكانی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، لەكاتێكدا بزووتنەوای گۆڕان ھیچ ھەڵەیەكی بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید نەكردووە، بۆیە ھێرشەكانی ئەو بۆ سەر گۆڕان نائاقڵانە و نەشارەزاییە لەكاری سیاسی“.
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەشڵێت: ” شاسوار عەبدولواحید، بەناوی نەوشیروان مستەفا قسە دەكات، دیارە لە كۆبوونەوەیەكدا گوتویەتی (من ھاتووم ئەو كارانەی كاك نەوشیروان تەواو بكەم كە مەرگ ڕێگەی نەدا تەواویان بكات)، بەڵام ئەو لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا نییە تاوەكو ھاتبێ كارەكانی نەوشیروان مستەفا تەواو بكات، ھەروەھا خودی كاك نەوشیروان بزووتنەوەی گۆڕانی درووست كردووە و خاوەنی دەستووری خۆمانین“.
نەسرین جەمال باسیشی لەوە كرد كە شاسوار عەبدولواحید ”سەنگەری بۆ ناو گۆڕان نەگواستووەتەوە تاوەكوو كارەكانی ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان تەواو بكات“.
دووپاتیشی كردەوە: ”شاسوار عەبدولواحید، بەشێوازی جل و بەرگەكانی ناتوانێ نمایشی خۆی بكات، یان وەكوو كاك نەوشیروان خۆی نیشان بدات“.