سەعدی پیرە: هەر كەسێك بچێتە بەغدا و حكومەتی هەرێم بەناشەرعی باس بكات دەبێ سەركۆنە بكرێت
(سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی یەكلیستیی لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەڵبژاردنی عێراق بە بەرگرتن لە كەڵكوەرگرتنی نەیاران لە درزی نێوماڵی كورد دەزانێ. دەربارەی سەردانی حزبی سیاسییشەوە بۆ بەغدا دەڵێ، ئەو لایەنەی بڕواتە بەغدا و حكوومەتی هەرێم بە ناشەرعی باس بكات، كارێكی تێكدەرانەیە و دەبێ رێی لێ بگیرێت و سەركۆنە بكرێت .
(سەعدی پیرە) لە لێدوانێكی تایبەتیدا ڕایگەیاند: “وەك یەكێتی پێمان وایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لایەنەكان ئازادن بە تەنیا بەشدار دەبن، یاخود هەر لایەنە و لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا هاوپەیمانی دەبەستن، بەڵام بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پێناو سەنگ و قورسایی خۆمان، یەكلیستیمان پێ باشە.”
لەناو یەكێتیدا بۆچوونێك هەیە، كەوا پێش هەڵبژاردنەكان وا باشترە كۆنگرە، یاخود پلنیۆم ببەسترێت، بەڵام وەك سەعدی پیرە دەڵێت:”ئاگام لەوە نییە و نازانم ئەو قسانە لە كوێوە هاتوون، ناشكرێ كادیرێكمان وەها قسەیەك بكات و بە ڕای فەرمیی حیزب وەری بگرن”، ئەم قسەی ئەندام مەكتەب سیاسییە، لە كاتێكدایە، كە لە چەند كاتێكی جیاوازدا، چەندان بەرپرسی ئەو حزبە پیشنیازیان كردووە، كە لە مانگی ٣ی ٢٠١٨دا كۆنگرە ببەسترێت.
رێككەوتی ٤ی١ی٢٠١٨ شاندێكی بزووتەنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراقدا كۆ بوونەوە، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستەكانی پێشووی ئەو لایەنانە خۆیان بوو، كە هەمیشە دەیانگوت، دەبێت پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی حكوومی بن، نەك حیزبی. سەعدی پیرە پێیوایە سەردانیكردنی هەر لایەنێك بۆ بەغدا ئاساییە تا ئەوكاتەی كار بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بكرێت.
سەعدی پیرە دەشڵێت: “هەر لایەنێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئایینی سەردانی بەغدا لە پێناو چارەكردنی كێشەكان بكات و سكاڵا لەسەر ناهەمواری بارودۆخی نێوان هەرێم و ناوەند بكات، پێشوازی لێ دەكەم و كارێكی مەشرووعە، بەڵام ئەو لایەنەی بڕواتە بەغدا و حكوومەتی هەرێم بە ناشەرعی باس بكات و ئەو لایەنانەیشی لە حكوومەتدان بە ناشەرعی ناویان ببەن، ئەوە كارێكی تێكدەرانەیە و دەبێ رێی لێ بگیرێت و سەركۆنە بكرێت.”