ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوە لەبارەی خانە نشینە پلەباڵاكانەوە دەدات

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوە لەبارەی خانەنشینە پلەباڵاكانەوە ده‌دات و رایدەگەیەنێت ئەوانیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی ئاسایی بە پێی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشین دەكرێن، بەو شێوەیەی كە ئێستا لە بەغدا كاری پێ دەكرێت”.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

هەندێك یاساناسی بەڕێز تەفسیری نادروست دەكەن بۆ دەقی (بڕگەی یەكەم لە ماددەی سێیەم لە پڕۆژە یاسای چاكسازی) كە تایبەتە بە (خانەنشینی وەزیر و ئەندام پەرلەمان و خاوەن پلە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان) كە دەڵێن ماددەی ۳۷ لە یاسای خانەنشینی فیدڕاڵی هەڵوەشاوەتەوە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و كاری پێناكرێ، و گوایە بەسەر ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی شورا تێپەڕیووە.

بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو ڕاڤەنادروستە ئەمڕۆ لە دوای ڕاوێژ لەگەڵ (ئەنجومەنی شورا) بە نووسراوی ژمارە ۲۱۳ مەبەستی ئەنجومەنی وەزیرانمان ڕوونكردەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان كە تەنها مەبەست لە ئاماژەدان بە ماددەی ۳۷ بۆ دووبارەنەكردنەوەی ناوی خاوەن وەزیفە باڵاكانە نەك حوكمی ماددەكە، و ئەمەش هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر مەبەستی سەرەكی پڕۆژە یاساكە بۆ ڕاگرتنی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان لە هەرێم بە لەسەدا هەشتای مەقتوع لە مووچە و دەڕماڵە، و لەبری ئەوە دەبێت ئەوانیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی ئاسایی بە پێی تەمەن و ساڵانی خزمەت خانەنشین بكرێن بەو شێوەیەی كە ئێستا لە بەغدا كاری پێ دەكرێت.

 

Back to top button