لە نێوان دۆمینەکەی ئاراس جەنگی و مردنەکەی ئاسۆدا

ئەردەڵان هەڵەبجەیی
 
شەوێک دوای ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی داگیرکردنی کەرکوک و خورماتوو،لە دیدارێکی کەموێنە لە ئەتەکێت و لێوان لێو لە نابەرپرسیارێتی،وێڕای خۆ بچوککردنەوە تا ئاستی ون بوون،ئاراس جەنگی دۆستی حاجی قاسم لە میدیاکانەوە بێ گوێدانە شعوری برینداری کەرکوکیەکان و تەواوی کوردستانیان،تەنها لە بیری ورگ و تاوڵە بوو،ئەو نەخشەڕێژەی خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر داوای لە کەرکوکیەکان کرد شارەکەیان چۆڵ نەکەن و بگەڕێنەوەو میوانداری جەنابی بکەن و دواتر بکەونە پیاسە بەشارداو تاوڵەو دۆمینەی لەگەڵ بکەن چونکە کەرکوک ئارامە، ئاخر ئەو پێی وابوو سوتاندن و داگرتنی ئاڵای کوردستان لای کەرکوکی و دوبزیەکان ئاساییە چونکە لای ئەو تەنها ورگ و تاوڵە و خیانەت گرنگ بوو، ئاراس کە دوای ڕوداوەکانی کەرکوک ڕووی سەرشاشەی نیە پێی دەوتین حەشد و سوپای عێراق لە ٤٨ کاتژمێردا لە کەرکوک نامێنن،بەڵام دواتر جگە ڕێنەدان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای مەڵبەندی یەکێتی، سوتاندنی وێنەکانی جەنابی مامی کۆچکردوومان لەلایەن حەشدەکەی ژێر دەستی حاجی قاسمی دۆستی ئاراس بینی.
هەر ئەوکات کە فرمێسک لەچاوی کەرکوکی و خورماتوییەکان و خەڵکی کوردستان بوو پەیتا پەیتا دوو دوو سێ سێ پارلەمانتارانی یەکێتی لە کەرکوک بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و دڵخۆشی دانەوەی درۆزنانەی خۆیان بەردەوام دەستەواژەی کەرکوک ئارامە یان لە هەندێک میدیای ژەنگ گرتوو بە درۆ دەوتەوە.
دوای سێ مانگ ئەوە دۆخی کەرکوک و درۆکانیان،دوای سێ مانگ ئەوە ئاراس و چل و هەشت کاتژمێرەکەی،دوای سێ مانگ ئەوە هێنانی هەزاران عەرەبی دەشتەکی بۆ ئەو شارە،دوای سێ مانگ و ئەوە تەعریب و تەشەیوع و لابردنی وێنەی پێشمەرگە گیان فیداکانی کەرکوک و خورماتوو،دوای سێ مانگ و ئەوە لێدوانی بەرپرسی مەڵبەندەکەی کەرکوک کاک ئاسۆ کە دەڵێت مانەوەم لە کەرکوک هەر ڕۆژێک مردنێکە،ئاراس پێی وابوو کات لەبەرژەوەندی دەبێت و دواتر حاجی قاسم کەرکوکی ڕادەست دەکات و مادەی سەدوو چلی بۆ دەکاتە کردارو کەرکوکی و خورماتوییەکان دەباتەوە ناو ماڵ و قەرەبوویان دەکاتەوە،ئاراس کە ئێستا وون بوە دوای ئەوەی کەرکوک و خورماتوی هەرزان فرۆش کرد تۆ بڵێیت میوانی حاجی قاسم نەبێت؟من دڵنیام گەر لای ئەو بێت دوای خواردنێکی باش دەکەونە تاوڵە،لەوەۺ دڵنیام ئاراس تاوڵەکە لە حاجی دەباتەوە چونکە حاجی شەیدای خاک داگیرکردنەو ئاراسیش عاشقی زارو ئۆینە.
Back to top button