فوئاد حوسێن: ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و پاپای ڤاتیكان دەخاتە روو
دوای ئەوەی ئەمڕۆ نێچرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و شاندێكی باڵای حكومەت سەردانی وڵاتی فاتیكانیان كردو لە لایەن پاپای فاتیكان پێشوازیان لێكرا, لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە.
فوئاد حوسێن ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆكی حكومەت, لە بارەی سەردانەكەوە رایگەیاند, لە كۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ پاپای ڤاتیكان، باسی دۆخی كریستیانەكان و ئاوارەكانی هەرێم كراوە. تیشك خرایە سەر كارەساتە مرۆییەكان و ئەو میكانیزمانەی كە ڤاتیكان دەتوانێت لەڕێگەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.
فوئاد حوسێن گوتیشی، جەخت لەسەرە ئەوەش كرایەوە، كە فشار بخرێتە سەر حكومەتی عێراق، بۆئەوەی لەگەڵ هەرێم بەمەبەستی چارەسەركردنی كیشەكان دەست بە گفتوگۆ بكات، لەم نێوەندەشدا پێویستە ڤاتیكان و وڵاتانی رۆژئاوا رۆڵی خۆیان هەبێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا فوئاد حوسێن ئاماژەی بە سەردانەكانی پێشووی شاندی هەرێم بۆ وڵاتانی دیكە كرد و گوتی، لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەدا جەخت كراوەتەوە، لە بەغدا نیازێك بۆ دابڕاندنی كورد لە جیهانی دەرەوە هەیە و، ئەو سیاسەتەی بەغدای بە هەڵە وەسف كرد و بەدووریشی زانی، ئەو سیاسەتەی حكومەتی عێراق بتوانێت تاسەر بەردەوام بێت، چونكە وەك خۆی ئاماژەی پێكرد، جیهانیش ئەم سیاسەتە قبوڵ ناكات.