توركیا: رۆڵی سەرەكی دەبینین لە چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا
لەگەڵ ئەوەی پێشوتر وەزیری دەرەوەی توركیا راگەیاند كە ئەوان ئامادەی نێوەندگیری بكەن لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان, ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا.
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێم، هەردوولا دەیانەوێت ئەنقەرە نێوەندگیریان بكات. وتیشی “ئیدارەی هەرێم هەڵەیەكی جدی كرد، لە هەڵەكەی تێگەیشت، بەڵام سەقامگیری و یەكپارچەیی عیراق بۆ ئێمە گرنگە”.
چاوشئۆغڵو كە بە سەردانێك لە ئەمریكایە، كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی بەسەركردەوە و لە دیدارێكدا لەگەڵ رەوەندی تورك، لەبارەی كێشەكانی ئەم ناوچەیە قسەی كرد.
لە میانی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالیی عیراق كرد و وتی “بۆ چارەسەركردنی كێشەی عیراق، هەردوولا دەیانەوێت ئێمە نێوەندگیریان بكەین. ئیدارەی هەرێم هەڵەیەكی جددی كرد، لە هەڵەكەی تێگەیشت، بەڵام سەقامگیری و یەكپارچەیی عیراق بۆ ئێمە گرنگە. بۆیە 21ی ئەم مانگە دەچمە بەغدا. خوا یاربێت توركیا رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا”.
وتیشی “هیچ مەبەستێكی نهێنیمان نییە، چاومان لە خاكی كەس نییە. تەنیا بابەتێك كە بەرگری لێدەكەین، دادپەروەرییە”.