حزبی دەعوە لە هەڵبژاردنەكانی عیراق كشایەوە
حزبی دەعوەی ئیسلامی، بڕیاریدا وەك حزبێكی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق نەكات و سەركردەو ئەندامەكانیشی سەرپشك كرد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە جیاجیاكان.
ئێوارەی ئەمڕۆ شهممه 13ی كانونی دووەمی 2018، سەركردایەتی حزبی دەعوە، دوای ئەوەی نەیتوانی كێشەكانی نێوان (مالیكی و عەبادی) چارەسەر بكات، بڕیاریدا وەك حزبی دەعوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا نەكات.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی كۆبوونەوەكەش، سەركردایەتی ئەو حزبە، سەركردەو ئەندامەكانی سەرپشككردووە لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان بەناوی خۆیان و لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییە جیاجیاكان.
ئەو بڕیارەی حزبی دەعوە دوای شكستهێنان دێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان (نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبەكەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ) بۆئەوەی بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بكەن، بەو هۆیەشەوە هەردوولا بڕیاریاندا بە دوو لیستی جیاو لەچوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتی جیادا بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن.