محه‌مه‌دی حاجی محمود له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان هۆشداری ده‌دات
سكرتێری حزبی سۆسیالیست له‌سه‌ر به‌شداریكردنی كورد به‌لیست و هاوپه‌یمانێتی جیا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقدا به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوك و ناوچه دابرێندراوه‌كاندا هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت: زیانی بۆ كورد هه‌یه، ده‌نگی كورد ده‌فه‌وتێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لیسته گه‌وره عیراقیه‌كان.
محه‌مه‌دی حاجی محمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند:”له‌ئێستادا بابه‌تی به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژرادنه‌كان له هه‌رێم و عیراق روون نییه، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا هه‌ر ده‌بێت بكرێت، بۆیه پێویست بوو هه‌موو لایه‌نه‌كان به یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوچه دابرێندراوه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كدا بكردایه، چونكه باشتر ده‌یانتوانی به‌هێزێكی زۆرتره‌وه به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه بكه‌ن”.
سكرتێری حزبی سۆسیالیست ئاشكراشیكرد،”به‌شداری لایه‌نه كوردییه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوچه دابڕێندراوه‌كان به‌چه‌ند لیستێكی جیا، زیانی بۆ كورد هه‌یه، چونكه ده‌نگی كورد ده‌فه‌وتێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لیسته گه‌وره عیراقیه‌كان، بۆیه به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌وه‌دابوو كه به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقیان بكردایه”.