پارتی مەترسیەك لەسەر دەنگی كورد ئاشكرادەكات
پارتی دیموكراتی كوردستان چەند مەترسیەك لەسەر دەنگی كورد لەناوچە دابڕێندراوەكان ئاشكرادەكات و پەرلەمانتارێكی پارتیش ئاماژە بەپۆستی وەزارەتی دارایی عیراق دەكات و پێیوایە، “جیاوازییەكی گەورە هەیە”.
(د.ئەشواق جاف) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: “بەهۆی لەدەستدانی ناوچە دابڕێندراوەكانەوە، مەترسی ئەوەدەكرێت لەكاتی دەنگداندا هەڕەشەو فشار لەسەر كورد بكرێت و پێكهاتەی كورد ئەو دەنگەی ئێستا نەهێنێتەوە كە هەیەتی”.
وتیشی:”یەكێكی دیكە لەمەترسیەكان نەبونی یەكڕیزی كوردە كە بەیەكلیست بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا لەو ناوچانەدا ناكەن”.
سەبارەت بەچارەنوسی پۆستەكانی كورد بەتایبەتیش لەحكومەتی داهاتودا پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختیكردەوە، “ئێستا زووە قسە لەسەر پۆستەكان بكرێت، جگەلەوەش لەماوەی ڕابردودا بەشێك لەلایەنە كوردیەكان زۆر بێویژدانانە باسی وەزارەتی داراییان كردوە كە ئەو پۆستە لەدەست كورددا بوە”.
ههروهها دكتۆر ئهشواق جاف ئاشكراشیكرد، “بەشێك لەنوێنەرانی كورد ئەو ڕاستیەیان لەبەرچاونییە نرخی یەك بەرمیل نەوت لەوكاتەی پۆستی وەزارەتی دارایی لەدەست كوردبوو بە38 دۆلار بوو ئێستا زیاترە لە 67 دۆلار، بۆیە سەرباری ئەو قەیرانانە، بەڵام زوە قسە لەسەر پۆستەكان بكرێت بەتایبەت وەزارەتی دارایی كە كورد ئەو پۆستە لەداهاتوو وەردەگرێتەوە یاخود نا”.