سه‌ڵاح ده‌لۆ : ئێستا تەعریبکردن، خەڵک کوشتن، تاڵانکردن و دزینی ئۆتۆمبێل لەکەرکووکدا ھەیە

(سەڵاح دەلۆ ) بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی 1ی 2018 ڕایگەیاند: “ئێستا لە کەرکووک لە ھەموو سەردەمەکان زیاتر پڕۆسەی تەعریبکردن دەستی پێکردووە و ئەو پڕۆسەیەش مەترسیدارە و ئەو خەڵکانەی کە بە ھەر ھۆکارێکەوە بوبێت لە شوێنەکانی ترەوە ھاتبوونە کەرکووک، تا پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کارتی زانیارییان بۆ نەکرا بوو، چونکە بڕیاربوو بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان، بەڵام ئێستا ڕۆژانە بە لێشاو کارتی زانیاری بە مەبەستی تەعریبکردن دەردەکرێت”.

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا تەعریبکردن، خەڵک کوشتن، تاڵانکردن و دزینی ئۆتۆمبێل لەکەرکووکدا ھەیە، بۆیە دۆخی شارەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە، چونکە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بارودۆخەکە لەوەی کە ئێستا ھەیە خراپتر دەبێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک، خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە”.

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.

Back to top button