بەتۆمەتی “ساختەكاری لەلایەن شاسوار عەبدولواحید” داوادەكرێت مۆڵەتی حزبەكەی هەڵبوەشێندرێتەوە

ئەو كەسایەتییانەی لە نەوەی نوێ نەماون داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دەكەن مۆڵەتی ئەو جوڵانەوەیە بكێشێتەوە، بۆئەوەش چەندین تۆمەت ئاڕاستەی (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەكە دەكەن لەناویاندا ئەنجامدانی “ساختەكاری” لەو ناوانەدا كە ئاڕاستەی كۆمسیۆنی كردووە بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی حزبەكە.

بەپێی بەڵگە نامەیەك كە تایبەت دەست خواكوڕك كەوتووە، كۆمەڵێك لەو كەسانەی لە نەوەی نوێ نەماون، تانەیان لە جوڵانەوەكەداوەو 5 تۆمەتیان ئاڕاستەی سەرۆكەكەی كردووە كە بە “سەرپێچی ڕوونی یاسایی” ناوی دەبەن.

لە بەشێكی تانەكەدا كە واژۆی چەندین ئەندامی پێشووی نەوەی نوێی لەگەڵدایەو دراوەتە كۆمسیۆن (شاسوار عەبدولواحید) تۆمەتبار كراوە بە”هێنانی كۆمەڵێك پێناسی باری شارستانی‌و ناردنی بۆ كۆمسیۆنەكەتان بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكانیان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن. ساختەكردنی ناوی چوارەمی هەموو ناوە نێردراوەكان لەو لیستەی كە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنەكەتان، هەروەها ساختەكردنی ناوی سێیەمی دایك.”

هەر گروپ‌و جوڵانەوەیەك داوای خۆتۆماركردن بكات لە كۆمسیۆن بەمەبەستی دامەزراندنی حزب‌و بەشداریی لە هەڵبژاردن، پێویستە چەند ڕێكارێك بگرێتەبەر، لەوانە؛ دەستەی دامەزرێنەرانی لە 7 كەس كەمتر نەبن‌و چەند مەرجێكیان تێدابێت، هاوكات دەبێت ناو و ناونیشانی تەواوی 2 هەزار كەس بنێرن بۆ كۆمسیۆن وەك ئەندامی حزبەكە كە پێویستە نیشتەجێی پارێزگا جیاوازەكان بن.

بەپێی بەڵگەنامەكە لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو تانەیەی وەرگرتووە. خواكوڕك زانیویەتی لە سلێمانییەوە بەرزكراوەتەوە بۆ فەرمانگەی حزبەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بەغدا.

ئەو كەسایەتییانەی داوای هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی نەوەی نوێ دەكەن، چەند تۆمەتێكی دیكەش ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید دەكەن‌و باسلەوەدەكەن لە كۆنگرەی دامەزراندنی حزبەكەیدا(5-1-2018) “پێشێلكاریی” كردووە.

لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبیی‌و چەند ڕۆژێك بەرلە ئەنجامدانی كۆنگرەی دامەزراندنیان، ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری نەوەی نوێ لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی‌و هەڵەبجە لە شاسوار عەبدولواحید جیابوونەوەو هێرشی توندیان كردەسەری‌و چەندین تۆمەتیان ئاڕاستە كرد، نەوەی نوێش لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لەوانەی بە”سیخوڕ” تۆمەتباركردو دەركردنیانی ڕاگەیاند.

بەپێی یاسا لە ماوەی 15 ڕۆژ لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی حزب، هەركەسێكی خاوەن بەرژەوەندی دەتوانێت تانە لە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بدات دەربارەی پێدانی مۆڵەتەكە، ئەوەش لەبەردەم دادگای تایبەتمەند یاخود لە فەرمانگەی كاروباری حزبەكان سەربە كۆمسیۆن، نەوەی نوێ 26-12-2017 مۆڵەتی پێدراوەو لە 9-1-2018 تانە لە دژی تۆماركراوە.

سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، تانەی ئەو كەسایەتییانە لە دژی نەوەی نوێ، مەرجە شكڵییەكانی تانەدانی تێدابووەو لەماوەی یاساییدا تانەكەیان تۆماركردووە، هەربۆیە بەپێی ماددەی 10 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان، تانەكەیان وەرگیراوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، ماددەی 9 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان، ئەوەی دیاریكردووە كە دادگای تایبەتمەند تایبەتە بەوەی تانەكان سەیر بكات‌و لێكۆڵینەوەی لە بارەوە بكات، وتیشی”دیار نییە كەی ئەنجامەكەی دەردەچێت.”

 

Back to top button