مهسرور بارزانی بۆ باڵیۆزی بهریتانیا: ئهم دۆخهی ئێستا بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت
لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستای كەركووك و خورماتوو، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت و، پێویستە هەرچی زووتره دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە.
مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 15/1/2017 پێشوازیی لە جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا، دواپێشهاتەكانی ناوچەكە خرانە بەر باس و گفتوگۆ و، هەردوو لا جەختیان لە پتەوتركردنی پەیوەندییە هەمەچەشنەكانی نێوان هەرێم و بەریتانیا كردەوە.
باڵیۆزی بەریتانیا، پشتگیریی خۆی بۆ دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات كردەوە و، جەختی لە پێویستیی هەرچی زووتر بە ئەنجامگەییشتنی ئەو گفتوگۆیانە كردەوە. هەروەها ئاواتی خواست هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراق لە میانەی ئەمساڵەدا بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچن.
لە دیدارەكەدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان لە ئاماژەیەكدا بۆ دۆخی ئێستای كەركووك و خورماتوو رایگەیاند، ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێكردنەوەی بەعەرەبكردن لەو دەڤەرانە، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت و پێویستە بە هاوكاریی هەموو لایەك هەرچی زووتره ئەو كردارانە رابگیرێن و دۆخی ئەم ناوچانە بە ڕەچاوكردنی دەستوور، ئاسایی بكرێتەوە.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم دووپاتی كردەوە كە، هەڵەكانی بەغدا هۆكاری دروستبوونی بێمتمانەیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و، تا ئەو عەقڵییەتەی حوكمڕانیی بەغدا بەم شێوەیە بمێنێت، زەمینەی سەرهەڵدانی كێشە سیاسییەكان بەردەوام دەبێت و بۆشاییەكی لەبار بۆ گەشەكردنی بیری توندڕۆیی دەرەخسێتەوە، بۆیە بۆ دووبارەنەبوونەوەی كێشەكان پێویستە متمانە و دڵنیایی بۆ گشت پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە.