پارتی هەڵبژاردنی لە كەركووك بایكۆت كرد
ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك/ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەركووك بایكۆت بكات.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ كوردستان24 نێردراوە، هاتووە، “ئێستا كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێم لە ژێر داگیركاری سەربازیدایه و ناسەقامگیرە” .
هەروەها هاتووە: “ئێمە بڕیارماندا وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەم ناوچانە بكەین بە تایبەتی لە كەركووك و شەرعیەت بە داگیركاری نەدەین”.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك/ گەرمیان، داوای لە خەڵكی كەركووك و ناوچە داگیركراوەكانیش كردووە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن و نووسیویەتی: “داوا لە جەماوەری كورد پەروەر دەكەین بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن، كە ئەمە هەڵوێستێكە بەرامبەر بەم داگیركارییەی كە ئێستا بەرقەرارە”.